کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی پێشووی شیعەکانی فەڕانسە دەسبەسەر کرا

13:50 - 14 خەزەڵوەر 2719

جەماڵ تاهیری، بەرپرس و بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی" شیعەی ئەلزەهرا" لە باکووری فەڕانسە، بە تۆمەتی بێڕێزی و تەبلیغی دژ بە یەهوودییەکانی ئەو وڵاتە دەسبەسەرکراوە و بە شەش مانگ بەندکران حوکم دراوە. شایانی باسە ئەو ناوەندە کە ناوی " ناوەندی شیعەی ئەلزەهرا"ـیە، دەستەیەکە لە شیعە توندڕەوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە فەڕانسە چالاکی بۆ کۆماری ئیسلامی و لایەنە پێوەندیدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە دەکەن. جەماڵ تاهیری کە بەرێوەبەری پێشووی ئەو ناوەندە بوو، بە تۆمەتی چالاکی دژ بە یەهوودییەکانی فەڕانسە دەسبەسەر کراوە و پێشتریش ئەو ناوەندە بۆ ماوەی شەش مانگ بە تاوانی هاوکاری کردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا داخرا. هەروەها جەماڵ تاهیری جارێکی دیکە بەبۆنەی بڵوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە گۆڤارێکی دژ بە یەهوودییەکانی فەڕانسە، لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کرابوو و بە ٢ هەزار یۆرۆ سزا درابوو. جێگای ئاماژەیە کە ئەو بەرپرسانەی کە لەو ناوەندەی کۆماری ئیسلامیدا کار دەکەن، تۆمەتی هاوکاری کردنی گرووپە تێرۆریستییەکانی وەکوو حیزبوڵڵا و حەماسیان لەسەرە و کۆماری ئیسلامی دەستی هەیە لە زۆربەی هەوڵە تێکدەر و ئاژاوەگێڕییەکانی جیهاندا.