کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامیی نێوان ئەمریکا و عەرەبستان بۆ ئاسایش و پاراستنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

16:32 - 14 خەزەڵوەر 2719

ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بڕیارە مانۆڕێکی هاوبەش لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی لە ئاوەکانی کەنداوی فارسدا بەڕێوە بچێ. ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەزەڵوەر رایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا و عەرەبستان خۆیان بۆ بەڕیوەبردنی مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش ئامادە دەکەن و مەبەست لەو مانۆڕە، جێگیر کردنی ئاسایش و ئارامییە لە ناوچەکە. "جێم مالوی" بەرپرسی هێزی دەریایی ئەمریکا، بۆ بەڕێوەبردنی ئەو مانۆڕە هاوبەشە لەگەڵ بەرپرسی گشتیی هێزەکانی عەرەبستانی سعوودی کۆبوونەوە. کۆماری ئیسلامی کە یەکێک لەو دەسەڵاتدارانەی ناوچەیە و دەستی لە ئاژاوەگێڕی و شێواندنی ئاسایشی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەیە، دژایەتیی عەرەبستان دەکا و هەروەها ئەمریکا بە دوژمنی سەرەکیی خۆی ناو دەبات. شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی ئاشکرا، ڕایگەیان کە هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان و لەناویان دەبات. هەرچەن، ماوەی پێشتریش کە کۆماری ئیسلامی هێرشی کردبووە سەر دامەزراوە نەوتیەەکانی ئارامکۆی عەرەبستان، ئەو هێرشانەی وەئەستۆی خۆی نەگرت. جێگای ئاماژەیە کە بەڕێوەبردنی ئەو مانۆڕە نیزامییە، بۆ پێشاندانی هێزی زیاتری ئەمریکایە لە ڕۆهەڵاتی ناویندا و، بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی، بۆ جێگیر بوونی ئاسایشی ناوچەکەیە و لەلایەکی دیکەوە، مەبەستیان ئارام کردنەوەی دۆخی کەشتیوانی و جێگیر کردنی ئەمنییەتی کەشتیوانییە لەو ناوچەیە. ئەو مانۆڕە، بەشێکی بەرچاوی ئاوەکانی کەنداوی فارس دەگرێتەوە و نزیکی ئاوەکانی ئێرانیش دەبێتەوە. شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیش هەموو کات دەیەوێ کە نائەمنی و ساز بکات تاکوو بە ویستەکانی خۆی بگات. دزینی کەشتی و بارهەڵگرەکان، کردەوەی تێرۆریستی، بۆمب دانان بۆ کەشتییەکانی دیکە و دەیان کاری تێکدەرانەی لەو بابەتە ، لە نموونەی کارو کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن لە ناوچەکەدا.