کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەسیج کردنی گەنجانی کوردستان

16:39 - 14 خەزەڵوەر 2719

ڕێژیمی دیکتاتۆر و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر لە هەوڵدایە کە لاوان و گەنجانی نیشتمان بکات بە بەسیج و ڕایان بکێشێتە نێو دامودەزگاکانی ئەو ڕێژیمەوە. بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بە ناوەندی هەواڵی کورد کاناڵ گەیشتوون، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە کە لاوانی کوردستان بەسیج بکات و بۆ خزمەت بە ڕێژیم ئامادەیان بکا. ئەو هەوڵانە بە چەندین شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێن و زیاترینیان لە ڕێگەی زانکۆکان، قوتابخانەکان و بەگشتی خوێندنگەکانەوە کاریان لەسەر دەکرێ. بەسیج کردنی گەنجانی کوردستان کە زیاتر لە خوێندنگەکاندا ڕوودەدات، زیاتر کوران دەگرێتەوە، هەرچەن کچانیش لەو بابەتە تێوەگلاون. بەرپرسانی خویندنگەکان، بەتایبەت ئەو مامۆستایانەی کە دەرسەکانی پەروەردە دەڵێنەوە و بە قەولی خۆیان کاری "پەروەردە" دەکەن، زۆربەی ئەو کەسانەن کە لاوان بەرەو دامودەزگاکانی بەسیج ڕادەکێشن و بە خەڵەتاندن و فێل و درۆ و وادەی بێ بنەما، کڵاو لە سەر خوێندکاران دادەنێن. هەندێ جاریش بە هەڕەشە و ترساندنیان، زیاتر دەبنە هۆکاری ئەوەیکە بەشێک لە لاوان ڕوو بکەنە ناوەندەکانی بەسیج. زیاتری ئەو قسانەی کە گەنجان بەرەو لای خۆیان ڕادەکێشن، باس لەوە دەکا کە ئەگەر نەبنە بەسیج، لە داهاتوودا ناتوانن بچنە زانکۆکان و بۆ سەربازی بە کەڵکتان دێت. بەڵام زۆر جاریش بە وڵامنەدانەوە لەلایەن گەنجانەوە، هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نابێ. شایانی باسە کە گوندەکان و ناوچە دووردەستەکانی کوردستانیش ڕادەیەکی بەرچاوی تەبلیغی بەسیجیان تێدا دەبینرێ، بۆ نموونە زۆربەی ئەو گوندانەی کە دووردەستن، بەرپرسانی بەسیج سەردان دەکەن و لەوێ بۆ باشتر کردنی دۆخی دارایی و کۆمەڵایەتی خەڵک بانگەشەی بەسیج بوون و تەبلێغ بۆ نیزام دەکەن. لێرەدا گرینگە کە دایک و بابەکان و خەڵکی وشیاری کوردستان بە ئاگایی و تێگەیاندنی مناڵەکانیان بەرەنگاری ئەو هەوڵانەی ڕێژیم ببنەوە و نەهێڵن منڵەکانیان تووشی کێشە نەبن و لەداوی ڕیژیم بکەون.