کێشەی منداڵ بەشوودان لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی یەکێک لەو کێشانەیە کە تووشی کۆمەڵگەی ئێران بووە و نەک هەر هیچ ئیرادەیەک لەدەسەڵاتدا بۆ چارەسەریی ئەو دیاردە دزێوە نییە، بەڵکوو ئاخوندەکان، بەهەرشێوەیەک بێ 'فرتوفێڵی" شەرعی بۆ دەبیننەوە و پاساوی بۆ دێننەوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەز "محەممەد مەهدی توندگویان" جێگری وەزیری کاروباری لاوان، لە وەزارەتی وەرزش و لاوان ڕایگەیاند کە ڕێژەی ئەو مناڵانەی کە ژیانی هاوسەری پێکدێنن لە هێندێک شوێنی ئێران چوار بەرابەر زیادی کردووە.
تووندگویان گوتی: بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێ لە هێندێک لە ناوچەکانی ئێران کە هەژاریی فەرهەنگی و ئابووری زۆرە، کەڵک لە قەرزی پێکهێنانی خێزان وەردەگیرێ بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەری بۆ منداڵانی تەمەنی خوار ١٥ ساڵی.
لە خوزستان لە هەر هەزار حاڵەتی پێکهێنانی خێزان، ٣٩ حاڵەت خوار ١٠ ساڵە.
"بێهناز موەحێدی" بەڕێوبەری گشتیی پلاندانانی جێگری سەرۆک کۆمار لە کاروباری ژنان و بنەماڵە، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٩٨ ڕایگەیاند کە لە پارێزگای خووزستان لە هەر ١٠٠٠ حاڵەتی درووستکردنی خێزان ٣٩ حاڵەتیان خوار تەمەنی ١٠ ساڵە و بە وتەی ناوبراو خووزستان پلەی دووهەمی ئێرانی هەیە لە بەشوودانی کچانی خوار تەمەنی ١٠ ساڵ.
جێی وەبیرهێنانەوەیە بەپێی یاساکانی باو لەئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کوڕان لە ١٥ و کچان لە ١٣ ساڵیدا دەتوانن ژیانی هاوبەش پێکبێنن. ئەوە لەحالێکدایە کە لە زۆر شوێن و ناوچەی ئێران کچانی خوار تەمەنی ٩ ساڵان بەشوو دراون.