کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی وڵاتانی عەرەبی لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا

17:47 - 20 سەرماوەز 2719

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی چل ساڵ دەسەڵاتی تێکدەرانە، ئاسایش و هێمنیی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەهێشتووە. هەر بۆیە وڵاتانی عەرەبی خەریکی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوون تاکوو ڕێگە بە هێرش و ئاژاوەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکانیان نەدەن. وڵاتانی عەرەبیی نزیک لە کەنداوی فارس لە کۆبوونەوەی شووڕای ئەندامانی کەنداودا باسیان لە هاوکاری یەکتر بە دژی کۆماری ئیسلامی کردووە. پاشای وڵاتی عەرەبستان، سەلمان بن عەبدولعەزیز لەو کۆبوونەوەیەدا داوای لە وڵاتانی کەنداو کردووە کە لە پێکهێنانی بەرەی هاوبەشدا یەکگرتوو بن. ناوبراو زیادی کرد کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ چەندین کێشەی گەورە بەرەوڕوویە و کۆماری ئیسلامی کە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە تێک دەدات، کێشەیەکی گەورەیە بۆ وڵاتانی عەرەبی. هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد تاکوو لەگەڵ بەرنامەی مووشەکیی ئێران بەرەوڕوو ببنەوە و بە توندترین شێوە گەمارۆی بخەنە سەر. بە وتەی پاشای عەرەبستان، وڵاتانی ناوچە پێویستە جیا لەوەیکە لە فکری خۆ پاراستن لە کردەوەی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیدا بن، دەبێ خۆیان لە هێرشی مووشەکیش بپارێزن. جێگای ئاماژەیە کە شووڕای هاوکاریی کەنداویش، لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوی کردەوە، خوازیاری زیادکردنی هاوکاریی نیزامییە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە.