کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کردنی ١٩ کەس بە تۆمەتی بەرپرسی و هۆکاری ئاژاوە لە خۆپێشاندانەکانی ئێران

17:48 - 20 سەرماوەز 2719

دەسبەسەرکردنی شارۆمەندان لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە کە ماوەیەکە لە شارەکانی ئێران درێژەی هەیە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم چەندین کەسیان بە تۆمەتی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی خۆپێشاندانەکانی ئەو دواییانە دەسبەسەر کردووە. لە درێژەی دەسبەسەر کردنی هاووڵاتیان لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٩ـی سەرماوەز، کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعات و هێزەکانی ئاسایشی ڕێژیم هەواڵیان لەسەر دەسبەسەر کردنی ١٩ کەس لە شارەکانی تاران، فارس، ئەلبورز و ئیسفەهان و کرماشان بڵاو کردووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیرنا"،ی سەر بە کۆماری ئیسلامی موحەممەد حوسێن ئیسماعیلی بەڕێوەبەری ئاسایشی ئیسفەهان ڕایگەیاندووە کە ٤ کەس بە تۆمەتی بەرپرس و بەڕێوەبەر و ڕێکخەری خۆپێشاندانەکان دەسبەسەر کراون. هەروەها لە پارێزگای ئەلبورز پێنج کەسی دیکە هەر بەو تاوانە دەسبەسەر کراون. لە پارێزگای فارسیش ١ کەس دەسبەسەر کراوە. عەلی ئەکبەر جاویدان، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی شاری کرماشان لەوبارەوە وتی:" چوار کەس لە خۆپێشاندەران دەسبەسەر کراون کە ئەو چەند کەسە بەڕێوەبەری خۆپێشاندانەکان بوونە. شایانی باسە کە هێزەکانی ڕێژیم لە کوردستان بەتوندترین شێوە لەگەڵ خەڵکی خۆپێشاندەر و ناڕازی بەرەوڕوو دەبنەوە. بە شێوەیەک کە لە بەکارهێنانی هیچ جۆرە چەکێک دەست ناپارێزن. هەر لەو پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە کەشی ئەمنییەتیی کوردستان بکەین کە بە چ شێوەیەک شارەکانی کوردستان میلیتاریزە کراون و بە هەزاران کەس لە هێزە ئەمنییەکان هاتوونەتە ناو شارەکانەوە. خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران، جیاواز لە هەموو خۆپێشاندانەکانی چل ساڵی ڕابردوو لەدژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو، سەدان کوژراو و هەزاران بریندار لێکەوتەوە و خەڵکێکی زۆریش دەسبەسەر کران.