کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی کشتوکاڵیی ئێران لەلایەن عێراقەوە

17:50 - 20 سەرماوەز 2719

دەوڵەتی عێراق ۱۷ بەرهەمی کشتوکاڵی کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکران، قەدەغە کرد. وەزارەتی کشتوکاڵیی ئێران، ڕایگەیاند کە ئەو بەرهەمانەی لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە قەدەغە کراون بریتین لە تەماتە، خورما، پیواز، کاهوو، هەنار، پەتاتە، شووتی و گەنمەشامی و ...... دەوڵەتی ئێراق هۆی قەدەغەکردنی ئەو بەرهەمانەی‌ گەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەی کە خودی ئەو وڵاتە توانای بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایانەی هەیە و دیاریش نییە هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانە بۆ عێراق کەی دەست پێدەکاتەوە. شایانی باسە، ڕۆژی دووشەممە، ۱٨ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، ژمارەیەک لە بەکاربەرانی عێراقی لە تویتێردا بە هەشتەگی خلوها_تخیس (خولوها تەخیس) واتە "بێڵە بڕزێ"، داوایان لە هاووڵاتیانی دیکەی عێراق کرد کە کەلوپەلی ئێرانی نەکڕن و بایکۆتی بکەن. هاووڵاتیانی عێراقی بە وەڕێخستنی ئەو کەمپەینە داوا دەکەن کە کەلوپەلی ئێران نەکڕن و بایکۆتی کەن کە بە باشی وەڵامدەر بووە و بڕیاریان داوە ئەو شتانەی کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ بە هیچ شێوەیەک نەیانکڕن. هاووڵاتیەکی ئێرانی دانیشتووی عێراق لەو بارەوە ڕایگەیاند کە پێشتر پەنیری مارکی "کاڵێ" کە بە ١٠٠٠ دینار بوو ئێستا بە ٥٠٠ دیناریش کەس نایکڕێ.