کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی پێنج خوێندکاری زانکۆی تاران بە بۆنەی بەشداری لە خۆپێشاندانەکاندا

18:27 - 21 سەرماوەز 2719

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە ئێران بەبۆنەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە، هەشت هەزار کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکران. دیارە کە ڕادەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆکانیش دەسبەسەر کراون. شووڕا خوێندکارییەکانی زانکۆی "علم و صنعت"ـی تاران، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکانیان ڕایانگەیاندووە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستەیەک لە خوێندکارەکانی ئەو زانکۆیەی دەسبەسەر کردووە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەو پێنج کەسە دەسبەسەرکراوە دوو کەسیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و خوێندکارەکانی دیکە، لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنییەکاندا بەسەر دەبەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ١٦ـی سەرماوەز واتە ڕۆژی خوێندکار، هەندێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون. شووڕا خوێندکارییەکان لەو پێوەندییانەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەندێک لە خوێندکارانی دەسبەسەر کراو مافی پێوەندی گرتن بە بنەماڵەکانیانەوە نییە و ناتوانن داوای پارێزەر بکەن و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەیکە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ناچاریان بکا دان بە هەندێک قسە و تۆمەتی ناڕەوا بنێن و دواتر بۆیان ببێتە کێشەیەکی گەورە. شایانی باسە کە ڕاگەیەندنەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ڕۆژی ١٤ی سەرماوەز ڕایانگەیاندبوو کە دەستەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی علم و صنعت ی تاران ویستوویانە کە بە باز کردنی شیلەنگی گاز، ئاشپەزخانەی ناوەندیی بەشە ناوخۆیی ئەو زانکۆیە بە ئاور بکێشن و خوێندکارەکان بکوژن. ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوەندە ئەمنییەکان بە سەرکوتی خوێندکارەکان و دەسبەسەر کردنی ڕادەیەکی زۆریان، دەیانەوێ خوێندکارانی دیکەی ئێران بەشێوەیەک بێدەنگ بکەن و ڕێگە نەدەن کە لە خۆپێشاندانەکاندا بەشداری بکەن.