کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا

18:46 - 21 سەرماوەز 2719

دوای تێپەڕ بوونی دوو ساڵ لە بوومەلەرزەی کرماشان و گیان لەدەستدانی ڕادەیەکی زۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە، هێشتا خەڵکێکی زۆر لە دۆخێکی نائاساییدا بەسەر دەبەن. خەڵکی کرماشان زیاترین نیگەرانیان ئەوەیە کە بە گران بوونی نرخی کرێی کانێکسەکانی سپای پاسداران، ئەو سەرپەنایەش لەدەست بدەن. لە هەمان کاتدا بوودجەی ئورگانە بێ کارەکانی وڵاتیش زیاتر بووە. بۆ نموونە ناوەندی فێرکاریی خومەینی، سەر بە میسباح یەزدی، ئەمساڵ ڕادەی سەتا ٥٠.٩٩ زیادی کردووە و ئەرکی دابین کردنی ئەو بوودجەیە دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەت. لە کاتێکدا کە خەڵکی کرماشان لە هەندێ شوێن وەکوو سەرپێڵی زەهاودا لە نێو کانێکس و چادرەکانی خاچی سووردا دەژین، ڕۆژانە لەگەڵ هەزاران کێشەی جۆراوجۆر بەرەوڕوون و پارەی ئاو و کارەبا بووەتە سەرئێشەیەکی دیکە بۆیان. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەردا کە بوومەلەرزە لە کرماشانی دابوو، زۆربەیان لەو ناوچانە ئامادە بوون لە پێش کامێراکانی کۆماری ئیسلامیدا خۆیان دەرخست و بەڵێنییەکی خاڵیان بە خەڵک دا کە هاوکاریتان دەکەین. بەڵام ئێستا دوای تێپەڕینی دووساڵ، خەڵک ڕۆژ بە دوای ڕۆژ کەمدەرەتانتر دەبن و زیاتر دەکەونە ژێر گوشارەکانی ژیانەوە. سەرما و بێ برقی و بێ خانوو بوون لەو دۆخە نامیزانەی ئێستای ئێراندا، کاریگەری لەسەر ژن و منداڵ و لاوەکانی کرماشان دادەنێت و بێ هیوایان دەکا لە ژیان. ئەو خەڵکە دوای دوو ساڵ ئێستاش لە حەمام و ئاودەستێکی سەرەتایی بێبەشن. منداڵەکانیان لە خوێندن و قوتابخانە دوورن و بێکارییەکی یەکجار ناخۆش باڵی بەسەر ئەو ناوچەیەدا کێشاوە.