کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی ١٦ ساڵ و هەشت مانگ بەندکران بۆ چوار چالاکی بواری ژنا

18:49 - 21 سەرماوەز 2719

لە درێژەی بەردەوامیی سەرکوت و گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی، دەزگای قەزایی ڕێژیم حوکمی ١٦ساڵ و هەشت مانگ بەندکرانی بۆ چوار چالاکی بواری ژناندا دەرکردووە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، ناوەندی هەواڵدەریی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، چوار چالاکی ژنان بە ناوەکانی "ناهید شـقاقی، ئەکرەم نەسیریان، مریەم محەممەدی و ئەسرین دەرکالە" لە لایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە سەرجەم بە ١٦ ساڵ و هەشت مانگ بەندکران حوکمدران. ئەو چوار چالاکە ژنە بە تۆمەتی کارکردن بە دژی ئەمنییەت و ئاسایشی وڵات و تەبلیغ بە دژی ڕێژیم، ئەو حوکمەیان بە سەرداسەپاوە. شایانی باسە کە ئەو چوار ژنە لە ئەندامان و هاوکاری "ئەنجومەنی دەنگی ژنانی ئێران"ن و لەو پێوەندییەدا چالاکییان هەبووە. شایانی باسە کە ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بە دەسبەسەر کردنی خەڵک لە بوارە مەدەنی و سیاسییەکاندا دەیهەوێ هێز و توانای خۆی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ و ئامادە نییە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە خەڵک بدا تاکوو دەنگی خۆیان لەلایەن ناوەندە فەرهەنگی و مەدەنییەکانەوە دەرببڕن.