کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ٨ هاووڵاتی لە شاری مەریوان لەژێر ناوی ڕێبەری کردنی خۆپێشاندانەکان

18:52 - 21 سەرماوەز 2719

فەرماندەی پۆلیسی ئاسایشی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، باسی لە ناسین و دەسبەسەرکردنی ٨ هاووڵاتی لەژێر ناوی "ڕێبەریی کردنی خۆپێشاندەران" لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ئەم دواییانە لە شاری مەریوان کرد. بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لە هەمبەر خەڵکی ناڕازیی دەسبەسەرکراو، لە کاتێکدایە پێشتر ڕۆژنامەی کەیهان کە لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەییدا بڵاو دەبێتەوە، بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە "سەرچاوە یاساییەکان حوکمی ئێعدامیان بۆ ڕێبەرەکانی ئەم ئاژاوەگێڕییانە بەبێ ئەملاولا دیاری کردوە"، نووسی: "کردەوەی ئاژاوەگێڕانە بەواتای دژایەتی خودایە و سزای یاسایی و شەرعی ئەو کەسانە لەسێدارە دانە". لە ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەزەڵوەرەوە خەڵکی ناڕازی لە دژکردەوە نیشان دانی خۆیان سەبارەت بە گرانبوونی بێنزین لە شارە جۆراوجۆرەکان هاتنە سەر شەقام و هەر لەو پێوەندییەدا "قاسم میرزایی نیکوو"، نوێنەری شاری دەماوەند لە مەجلیسی ڕێژیمدا وتی: ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینانە زیاتر لە ٥٠٠ شوێنی وڵات ڕوویان داوە و پتر لە ١٣٠ کەسیش کوژراون، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە جۆربەجۆرەکان لەسەریەک قسە لە کوژرانی نزیکەی ٤٣٠ کەس لە خەڵکی ئێران دەکرێ. لەلایەکی تریشەوە محەممەد جەواد کۆلیوەند، نوێنەری شاری کەرەج ڕایگەیاند: ناڕازەیەتی لە ٧١٩ شوێنی ئێراندا ڕووی داوە. سەید حوسێن نەقەوی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە ٤ی سەرماوەز، باسی لە دەسبەسەرکرانی نزیک بە ٧ هەزار کەس لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە كرد.