کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆکوژییەکان لە ئێران و کوردستان

19:00 - 21 سەرماوەز 2719

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کەس لە شارەکانی سەقز، سەوڵاوا و هەمەدان پەنایان بۆ خۆکوژی بردووە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، لە شاری سەقز ژنێکی لاو بە ناوی "ئارینا مووسەوی" لە ڕێگەی خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ناوبراو بە هۆی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی پەنای بۆ خۆکوژی بردووە و لە ڕێگای خواردنی حەبەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. هەر لەو پێوەندییەدا و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پیاوێکی تەمەن ٦٦ ساڵ، بە ناوی "ڕەحمان ئەمیری" خەڵکی شاری "شوێشە"ی سەر بە ناوچەی سنە بە هۆکاری نادیار لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەز، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە شاری هەمەدان لە سەر پردێكی بەرز خۆی فرێداوە کە بەو هۆیەوە گیانی لە دەستداوە. پزیشکیی یاسایی ئێران، لە ئامارێکدا ڕایگەیاندووە کەخۆکوژی لە نێوان گەنجان و مێرمنداڵان لە ئێراندا زیاتر لە سەتا ۷ ە. شایانی باسە کە بەهۆی بارودۆخی خراپی ئابووریی ئێران و کاریگەریی لە سەر خەڵکی هەژارو بێدەرەتان، کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە و لەو بەینەدا بەداخەوە خۆکوژی بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان و هەتا دێ زیاتر بەرۆکی کۆمەڵگە دەگرێ. بە تایبەت لە شارەکانی کوردستان ئەم دیاردەیە زۆر بەرچاوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە وڵاتی ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەڵام بە هۆی ناکارامەیی کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی رێژیم سەروەت و سامانی ئێران لە ڕێگەی ئامانجە پووچەکانیانەوە وەک، پشتیوانی کردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان و دەست تێوەردان لە کاری وڵاتانی دیکەدا بەفیڕۆ دەدەن و هیچ ئاوڕێک لە خەڵکی هەژار و بێ دەرەتانی وڵات نادرێتەوە.