کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئەمریکا: ١٤ هەزار سەربازی دیکەمان گواستووەتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

15:22 - 23 سەرماوەز 2719

وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، بۆ پێشاندانی پابەندبوونیان بۆ هاوپەیمانەکانیان، لە مانگی بانەمەڕی رابردووەوە ١٤ هەزار سەربازی دیکەیان ناردوونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مارک ئێسپێر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، ماوەی چەند مانگێکە هێرش و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا زیادیانکردووە، لەوانەش، هێرشکردنەسەر چەند شوێنێک لەنێو سعودیە، پەکخستنی جووڵەی دەریایی لە گەرووی هورمز، خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکایی، یارمەتیدانی گرووپە نزیکەکانی وەک حوسییەکان، حیزبوڵڵا و گرووپە میلیشیا شیعەکانی عێراق. وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، "بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هەڕەشانە و پێشاندانی پابەندبوونمان بۆ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان، لە بانەمەڕی ئەمساڵەوە نزیکەی ١٤ هەزار سەربازی ئەمریکایی گواستراونەتەوە ناوچەکە" . ئەمریکا دەیان هەزار سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە شایانی باسە کە ١٣هەزار سەرباز لە کوەیت، حەوت هەزار سەرباز لە بەحرەین، پێنج هەزار و ٢٠٠ سەرباز لە عێراق ١٣هەزار سەرباز لە قەتەر، پێنج هەزار لە ئیمارات و دوو هەزار و ٨٠٠ سەرباز لە ئوردن. هاوکات لەبارەی ئێران، مایک پۆمپیئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە توویتێکدا نووسیویەتی کە بە تووندی وەڵامی ئێران و بەکرێگیراوەکانی دەدەنەوە ئەگەر زیان بە سەربازانی ئەمریکایی یان هاوبەشە عێراقییەکانیان بگەیەنن.