کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق پێشێلکاریییە

15:34 - 23 سەرماوەز 2719

بەرپرسانی ئەمریکا ڕەخنە لە مامەڵەی ئێران لە عێراقدا دەگرن، بەتایبەتی لە هەوڵەکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و دەڵێن، ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیکات "پێشێلکارییەکی گەورەی سەروەریی عێراقە. دەیڤید شینگێر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە واشنگتۆن دی سی گوتی: "داوا لە وڵاتانی دراوسێی عێراق دەکەین دەستێوەردان نەکەن و رێز لە دەستووری عێراق بگرن". لەبارەی بوونی قاسم سولێمانی، بەرپرسی سپای قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا، شینگێر گوتی: "ئەوە پێچەوانەی ڕێکارە دیپلۆماتیکەکانە، پڕ کێشەیە و پێشێلکارییەکی گەورەی سەروەری عێراقە. لە سێ مانگی رابردوودا خۆپێشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگای دیکەی عێراق دەستیپێکرد و بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەکان و زیادبوونی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بوو بەهۆی ئەوەی کە عادل عەبدولمەهدی بڕیار بدات دەست لە کار بکێشێتەوە . ماوەیەک لەمەو پێش پارلمانی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی پەسندکرد و ئێستاش هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران چڕکراونەتەوە وکۆماری ئیسلامی ئێرانیش، بەلایەوە گرنگە کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تاران هەبێت.