کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی شنۆ

16:49 - 24 سەرماوەز 2719

کۆڵبەرێکی خەڵکی شنۆ لە سنوورەکانی ئەو شارە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا. شەوی شەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، لە "گەڵی گادەران" لە سنووری شنۆ دەستەیەک لە کۆڵبەران کەوتنە کەمینی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، و لە لایەن ئەو هێزانەوە تەقەیان لێکرا و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بەناوی "عەزیز مەعروفی" ناسراو بە عەزیز مەنگوڕ، خەڵكی گوندی بێمزورتێ، سەر بە شاری شنو گیانی لە دەستدا. باری خراپی ئابووریی ئێران، بێکاری و بێدەرەتانی بە تایبەت لە کوردستان بۆتە هۆی ئەوە کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناوچە سنووریەکان بە ناچاری ڕوو دەکەنە کۆڵبەری و کاسبکاری لە سەر سنوورەکان و بۆ بژیوی ژیانیان بەرەو ڕووی مەرگ دەبنەوە. ڕۆژ نییە بە بیانووی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ شاهیدی کوشتنی کاسبکاران نەبین لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە. ئەم نەهامەتیانە لە کاتێکدایە کە وڵاتی ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەڵام بە هۆی ناکارامەیی کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی رێژیم سەروەت وسامانی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی ئامانجە پووچەکانی خۆی، پشتیوانی کردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان و دەست تێوەردان لە کاری وڵاتانی دیکەدا خەرج دەکات و هیچ ئاوڕێک لە خەڵکی هەژار وبێ دەرەتانی وڵاتی خۆی ناداتەوە.