کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوژیی دوو کەس لە سەقز و مەریوان

16:54 - 24 سەرماوەز 2719

ڕۆژی ڕابردوو ژنێک لە شاری سەقز و لاوێک لە شاری مەریوان خۆیان هەڵواسی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، ژنێکی لاوی خەڵکی گوندی کارێزەی سەقز بە ناوی "مەهتاب نووری" بە هۆی کێشەی خێزانی خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. مەهتاب نووری تەمەن ٣٥ ساڵ و دایکی منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بووە کە بەهۆی کێشە لەگەڵ هاوژینەکەی و ئەوەی کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئەزیەت و ئازار دراوە، خۆی کوشتووە. لەلایەکی دیکەوە و هەمان ڕۆژ، لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی مەریوان بە ناوی "شادمان دەریا یار" بە هۆکارێکی ناڕوون لە ڕێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. شایانی باسە کە بەهۆی بارودۆخی خراپی ئابووریی ئێران و کاریگەریی لە سەر خەڵکی هەژارو بێدەرەتان، کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە و لەو بەینەدا بەداخەوە خۆکوژی بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان و هەتا دێ زیاتر بەرۆکی کۆمەڵگە دەگرێ. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوار کەس لە شارەکانی کوردستان بە هۆی هەژاری و کێشەی بنەماڵییەوە لە ڕێگەی خۆکوژییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.