کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: گەمارۆکانی سەر ئێران کاریگەریی بەرچاویی هەبووە

16:57 - 24 سەرماوەز 2719

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، گوشارەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران کاریگەری هەبووە و دەشڵێ گەمارۆکانیان جێگەی شەڕی گرتۆتەوە. ستێڤن منوشێن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە پەراوێزی نۆزدەیەمین کۆڕبەندی دۆ‌حە لە قەتەر رایگەیاند، ئەمریکا توانیویەتی بە گەمارۆ و سزا ئابوورییەکان، تواناکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە تیرۆر کەم بکاتەوە. منوشێن دەڵێت، ئەگەر ئێران هەموو مەرجەکانی ئەمریکا قەبووڵ نەکا، واشنگتۆن گەمارۆکانی لەسەر هەڵناگرێ. بە وتەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گەمارۆکانی ئێستای وڵاتەکەی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران جێگەی شەڕی گرتۆتەوە. سزاکانی سەر ئێران، کاریگەری زۆری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دروست کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی داهاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی سزاکان کەمیکردووە و جووڵەی بازرگانیش لاواز بووە. شایانی باسە کە هەرچەند بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نین راستەوخۆ دان بەوەدابنێن کە گەمارۆکانی ئەمریکا توانیویەتی فشارێکی لە ڕاددە بەدەر بۆ کۆماری ئیسلامی بێنێ، بەڵام کاریگەرییەکان زۆر لەوە بەرچاوترن کە بشاردرێنەوە وخەڵکی ئێران و بە تایبەت خەڵکی هەژارو مامناوەند تا سەر ئێسقان هەستی پێدەکەن و کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبووکردنەوەی فشارەکانی ئەمریکا تا دێت فشار بۆسەر خەڵک زیاد دەبێ.