سەرەڕای پێنەدانی پارەی دوو مانگی کرێکارانی شارەوانی دێولان، کرێکارانی ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییە، خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان بوون.
کرێکارانی شارەوانی دێولان ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و هەروەها سێ مانگیشە پارەی ئیزافەکارییان لەلایەن شارەوانییەوە پێ نەدراوە.
یەکێک لە کرێکارانی شارەوانی دێولان ڕایگەیاند: "پارەی مانگی خەزەڵوەر و سێ مانگ پارەی ئیزافەکاریم وەرنەگرتووە و پارەم نییە تەنانەت نان بکڕم."
یەکێکی دیکە لە کرێکارانی ئەو شارەدارییە وتی: "من بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانم پارەم لە دۆست و ئاشنا قەرز کردووە و بەهۆی نەدانی پارەی گاز و ئاو و کارەبا، ئەگەری هەیە بێبەش بکرێم لە گاز و ئاو و کارەبا."
ئەو کرێکارانە دەڵێن، دواکەوتنی پارەکەمان کێشەی بۆ بنەماڵەکانمان دروست کردووە. ئەوان داوای پێدانی پارەی دواکەوتووی دوو مانگ و ئیزافەکاریی دواکەوتووی سێ مانگ لە شارەوانیی دێولان دەکەن و هەتا ئێستا لە لایەن بەرپرسانی پێوەندیدار هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.