بە پێی ڕاپۆرتەکان کاربەدەستانی ڕێژیم لە هەموو ڕێگەیەکەوە لە هەوڵدان ڕێژەی کوژراوانی ئەم دواییانەی خۆپێشاندانەکان کەمتر نیشان بدەن.
پاش ئەوەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ڕێژەی کوژراوانی ئەم دواییانەیان بڵاوکردەوە، کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لەو ڕیسواییە لە هەوڵدایە بەشێک لە لاوان و کەسانی کوژراو بە "بەسیجی و چەکداری خۆیان لە قەڵەم بدەن و ئەسڵی ئەو کارەساتە کە ڕووی داوە بە لارێیدا ببەن و ڕوو بە دنیای دەروەش بڵێین کە لە رووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر دەستی دەرەکی لە ئارادا بووەو لە هێزەکانی ئەوانیش کوژراون.
ئەمە لە کاتێک دایە کە لە ماوەی کەمتر ١٠ لە ڕۆژ زیاتر لە سەدان کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژران و ناڕەزایەتی و نیگەرانیی نێونەتەوەیی و تەنانەت نێوخۆیی لێکەوتەوە.
ڕێژەی زۆری کوژراوان بە نیسبەت ناڕەزایەتییەکانی ساڵەکانی ٨٨ و ٩٦ی هەتاوی ترسی خستە دڵی ڕێژیم و تەنانەت ڕێبەری باڵای ڕێژیم سەید عەلی خامنەیی بڕیاری دا کە بە هێندێک لە بنەماڵەی قوربانیانی خەزەڵوەر "دیە" بدرێ و بەو جۆرە بێدەنگیان بکەن و هەروەها لە ژێر ناوی "شەهیدانی ئەمنیەت" کڵاو لە سەر خەڵک و ڕای گشتی بنێن.
هەروەها دەگوترێ هێندێک لە بنەماڵەی کوژراوانیان بانگ کردوەتە ناوەندە ئەمنییەکان و بە تووندی هەڕەشەیان لێکردوون کە نابێت هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان بە میدیایی بکەن و لە لایەکی دیکەش حەسەن ڕووحانی سەرۆککۆماری ئێران ئوستاندارەکانی ڕاسپاردوە کە سەردانی ماڵی قوربانیان بکەن.
کۆی ئەم هەوڵانە نیشانەی گەورەیی کارەساتی کۆمەڵکۆژیی خەڵکی بێتاوانە بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم و گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیم هەر بەردەوامن کە ئاماری کوژراوان و دەسبەسەرکراوان بڵاو بکاتەوە.
سەرەڕای گوشارەکان کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا لە بڵاوکردنەوەی ئاماری پشتڕاست لەو بارەوە خۆی بواردووە.