زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ونبوونی هەواڵنێرێکی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ناوی "سەمیرا مورادپوور" تێدەپەڕێ و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە هیچ زانیارییەکی لەو بارەوە بڵاو نەکردووەتەوە. بنەماڵەی ناوبراو چەندین جار بەدواداچوونیان بۆ دیتنەوەی کچەکەیان کردووە و سەردانی پارێزگاری سنە و ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە. دواتر ڕاگەیاندنەکانی پارێزگاری سنە ڕایانگەیاندووە کە سەمیرا بۆ کاروباری هەواڵنێری ڕۆیشتووەتە دەرەوەی ئێران بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە کە "سەمیرا مورادپوور" خاوەن منداڵێکە و لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و وەکوو زۆر کەسی دیکە کەوتبووە داوی هێزەکانی ئیتلاعات و وەکوو ژنانی دیکەی ئیتلاعاتی، سیخوڕیی بۆ ڕێژیم دەکرد و ئێستا دوای دوو مانگ بێخەبەری هیچ زانیارییەک لەچارەنووسی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە سەمیرە بە بڕیاری کاربەدەستانی پلە بەرزی ئیتلاعاتی ئیجازەی بڵاو کردنەوەی مانگنامەی "ڕۆژمان"ـی وەرگرت و وەکوو هەواڵنێری دەوڵەتی کاری دەکرد.
جێگای سەرنجە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لەو ژنانەی کە جیا بوونەتەوە، زانیاری کۆ دەکاتەوە، سیخوڕیان پێ دەکا و بە شێوەی جۆراوجۆر لە داویان دەخا و بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی خۆی کەڵکیان لێوەردەگرێ.