بەرپرسی گشتی ڕێکخراوی پزیشکیی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نەبوونی سیستمی بەڕێوەبەریی کارامە لە نەخۆشخانەکانی ئێران، بەشێکی بەرچاو لە تێچووی دەرمان و خزمەتگوزاریی خەڵک بەفیڕۆ دەچێت.
گەندەڵی، نەبوونی بەڕێوەبەری و لێپرسینەوە و دەیان کێشەی گەورە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، سیستمی خزمەتگوزاری و دەرمانیشی تووشی کێشە کردووە و کاربەدەستانیش لەو دۆخەدا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان هیچ هەنگاوێک هەڵناهێنن. "موحەممەد ڕەزا زەفەرقەندی" بەرپرسی ڕێکخراوی پزیشکیی ئێران سەبارەت بەو کێشانە ڕایگەیاندووە کە نەبوونی سیستمی بەڕێوەبەریی بەڕۆژ و کارامە بووتە هۆی گەندەڵی و بەفیڕۆ چوونی تێچووی نەخۆشخانەکان، ناوبراو لە درێژەدا زیادی کرد کە ئەو تیچووەی کە بۆ نەخۆشخانەکان دابین دەکرێ، لەگەڵ هەڵاوسان و نرخی بازاڕ یەک ناگرنەوە. بە زمانێکی سادە واتە، داواکاریی بەرپرسانی نەخۆشخانەکان بۆ دابین کردنی بوودجە و پارەی زیاتر لە پێویستییەکان دابینکراوە بەڵام ئەو بوودجەیە بەشێکی زۆرکەمی سەرفی دەرمان و خزمەتگوزاری دەکرێ و خەڵکی ئێران لە دۆخی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکان بێزار و ناڕازین.