محەممەد کیانووشڕاد نوێنەری پێشووی مەجلیسی شەشەمی ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکرا.
هەوڵدەریی حکوومەتی ئیلنا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە محەممەد کیانووش ڕاد ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی سەرماوەز لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر و بۆ زیندانی ئێڤین گوازراوەتەوە.
بە پێی هەواڵی هێندێک سەرچاوە دەسبەسەرکرانی نوێنەری پێشووی پارلمانی ئیران پێوەندی بە ئێمزا کردنی بەیاننامەی ٧٧ کەس لە ڕێفۆڕمخوازانەوە هەیە کە لەو بەیاننامەیەدا سەرکوتی خەڵکیان لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەر مەحکوومکردووە.
جێیئاماژەیە ئەو بەیاننامەیە بووە هۆی تووڕەیی خامنەیی ڕێبەری باڵای نیزام و واژۆکارانی لۆمە کران.
هەر لەو پێوەندییەدا عەبدووڵڵا حاجی سادقی نوێنەری وەلی فەقیهـ لە سپای پاسداران، واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیەی بە "تێکدەر و لات ولووت" و کەسانی سووک و سەر بە نەیارانی رێژیم ناو برد.
جێیوەبیرهێنانەوەیە محەممەد کیانووشڕاد سەرۆکی شووڕای باڵای سیاسەتداڕێژیی باڵی چاکسازییخوازی خۆزستان و ئەندامی حیزبی یەکیەتیی نەتەوەیی ئێران( اتحاد ملت ایران) لە مەجلیسی شەشەم نوێنەری خەڵکی خۆزستان بوو.
شایانی باسە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەز یەکێکی دیکە لە واژۆکارانی بەیاننامەی ٧٧ کەسی ، بەناوی مێهدی مەحموودیان ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی دەسبەسەرکرا.
پێویستە بگوترێ سەرکوتی دڕندانەی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تەنانەت هێندێک لە نوێنەرانی پارلمانی ئێرانی وەدەنگ هێنا.