کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی ڕێژەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر لە ئێران و کوردستان

15:52 - 25 سەرماوەز 2719

شاردنەوەی ژمارەی کوژراوانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان نیگەرانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووتەوە. لە دوایین زانیاریی‌دا باس لەوە دەکرێ کە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە شارەکانی ئێران و کوردستان کوژراون. بە پێی هەواڵی رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ناسراو بە ئەمنێسی تاكوو ئێستا ٣٠٤ كەس لە خۆپێشاندەرانی ئەم دواییانەی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان كوژراون. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە نێوان گیراواندا منداڵ و مێرمنداڵیش هەیەو، زۆربەی گیراوان ئەشکەنجە دەکرێن و لە دۆخێکی نالەباردا دەژین. لە لایەکی دیکە‌ برایان هووک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران وێڕای باس کردن لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە باس لە کوژرانی نیزیک بە ١٠٠٠ هاونیشتمانیی ئێرانی دەکا. پاش ئەوەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ڕێژەی کوژراوانی ئەم دواییانەیان بڵاوکردەوە کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لەو ڕیسواییە لە هەوڵدایە بەشێک لە لاوان و کەسانی کوژراو بە "بەسیجی و چەکداری خۆیان لە قەڵەم‌ بدەن و ئەسڵی ئەو کارەساتە کە ڕوویداوە بە لارێ‌دا ببەن و روو بە دنیای دەرەوەش بڵێن کە لە رووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر دەستی دەرەکی لە ئارادا بووەو لە هێزەکانی ئەوانیش کوژراون. ئەمە لە کاتێک دایە کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا سەدان کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژران و ناڕەزایەتی و نیگەرانیی نێونەتەوەیی و تەنانەت نێوخۆیی لێکەوتەوە. ڕێژەی زۆری کوژراوان بە نیسبەت ناڕەزایەتییەکانی ساڵەکانی ٨٨ و ٩٦ی هەتاوی ترسی خستە دڵی ڕێژیم و تەنانەت ڕێبەری باڵای ڕێژیم سەید عەلی خامنەیی بڕیاری دا کە بە هێندێک لە بنەماڵەی قوربانیانی خەزەڵوەر "دیە" بدرێ و بەو جۆرە بێدەنگیان بکەن و هەروەها لە ژێر ناوی "شەهیدانی ئەمنیەت" کڵاو لە سەر خەڵک وڕای گشتی بنێن.