یووسف قازی لە بنەماڵەی ناسراوی قازییەکان کە مامۆستایەکی خۆشناو و کەسێکی نیشتماندۆست و خێرخواز بوو بەهۆی نەخۆشییە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
یووسف قازی مامۆستای خوێندنگەکانی مەهاباد کە بە خێرخوازی و مرۆڤدۆستی ناسراوە پاش تەمەنێک ژیان بەسەرفەرازی شەوی ڕابردوو ٢٤ی سەرماوەز بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچیدوایی کرد.
مامۆستا یووسف قازی لە ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایکبوو، وەکوو زۆربەی هاوتەمەنەکانی لە ژێر سێبەری زوڵم و ستەمی حکوومەتی پاشایەتیدا ژیا و چوارچرای مەهاباد لە ناخیدا بوو بە چرای رووناکیدەری ژیانی و بە هەستێکی کوردانەوە پێگەیشت.
ناوبراو لە شاری مەهاباد درێژەی بەخوێندن دا و، لە زانکۆی تاران لیسانسی جوغرافیای وەرگرت و بوو بە مامۆستای قوتابخانەکانی شاری مەهاباد.
یووسف قازی وەکوو زۆربەی ئەندامانی بنەماڵەی خۆشەویستی قازییەکان مرۆڤێکی نیشتماندۆست و کوردپەروەر بوو.
بە گوتەی هاونیشتمانییانی مەهابادی ئەو مامۆستا خەمخۆرە هەمووکات ئامادەبوو بۆ کاری خێرخوازانەو هیچ کات لە یارمەتیدانی بۆ کاروباری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دریغی نە دەکرد.
هەر بە هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێزیان چەند قوتابخانەو مزگەوت لە ناوچەی مەهاباد بنیات نراوەو هەروەها پاڵپشتی لاوانی چالاک و هەڵسووڕاوانی مەدەنی و فەرهەنگی بوو.
ناوبراو خاوەنی بەرهەمێکە بەناوی"روزنامە تاریخ" لە وێدا بە دانانی وێنەی ڕۆژنامەکانی سەردەمی شۆڕش و دواتر باسی سەربردەی ژینی خۆی و بیروباوەڕی خۆیشی تێیدا کردووە و دەگوترێ بەدەیان نوسخە لەو کتێبە بەشێوەی دەستی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئەو مرۆڤە خێرخواز و سەخاوەتمەند و نیشتمانپەروەرە شەوی ٢٤ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە تەمەنی ٧٩ ساڵەیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی قازییەکان و خزم و کەسوکاری و خەڵکی مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.