کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

13:09 - 27 سەرماوەز 2719

شاندێکی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. ڕۆژی سێشەممە، 26ی سەرماوەز شاندێکی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان بە سەرپەرستیی هەڤاڵ باپیر کامەلا، سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەم سەردانەدا سەرەتا شاندی میوان پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی 17ی حیزبی دێموکراتی لە هەیئەتی خانەخوێ کرد و دواتر لە باسێکی سیاسی و گشتیدا هەڵسەنگاندنی خۆیان لە بارودۆخی عێڕاق و هەرێمی کوردستان شی کردەوە. پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان ڕای وابوو کە فرەجەمسەریی ئێستا لە هاوکێشە ناوچەییەکان و ئەو فرەبەرژەوەندییەی لەو سۆنگەیەوە دروست بووە، یارمەتیی داوە کە هێزی هەرێمیی بەهێزیش لە ناوچەکەدا دروست ببێ و ئەوەش شوێنی لەسەر ستاتووی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان داناوە. شاندی میوان لە هەڵسەنگاندنەکەی خۆیاندا لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە جوغڕافیای سیاسیی ئەم وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، پێویستە لە پێناو سەقامگیریی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا تێگەیشتنی هاوبەشیان لە ویست و مافە ڕەواکانی یەکتر هەبێ و لەسەریان ڕێک‌بکەون. هەر لە چوارچێوەی ئەم باسەدا هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە چاوی بایەخەوە سەیری ئەزموون و ستاتووی هەرێمی کوردستانی کرد و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دەرفەتانەی بۆ کورد دێتە پێشێ و هەروەها ئەو مەترسییانەی دەکری وەک هەڕەشە بۆ سەر پرسی کورد بیانبینین؛ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پاراستن و بەهێز هێشتنەوەی ستاتوی هەرێمی کوردستان دەبێ ویست و ئیرادەی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێ. هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێران لە دوای خۆپیشانداندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، مامەڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەم وڵاتە و شێوەی بەرەوڕووبوونەوەی ئۆپۆزیسیونی ڕێژیم لەگەڵ گۆڕانکارییەکان چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم دانیشتنە بوون.