کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی سەتا ٥٧ـی نرخی کتێب لە ئێران

14:26 - 27 سەرماوەز 2719

ئاماری بڵاوکراوەکانی کتێب لە ئێران دوای هەڵاوسان و گرانییەکان نیشان دەدات کە نرخی کتێب لە سەتا ٥٧ بەرز بۆتەوە. بەپێی ئامارەکان لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی ٩٨ـی هەتاویدا ٨٥ میلیۆن و ٤١٥ هەزار و ٣٥٦ بەرگ کتێب بڵاو بووەتەوە. ڕادەیەکی زۆر کتێب هاتووتە ناو بازاڕەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو بڵاوکراوەیە لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نرخی نێونجیی کتێب ٣٢٧ هەزار و ٩٨٩ تمەن بووە. ئەو ئامارە نیشان دەدات کە گرانی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کڕینی کتێب داناوە. گرانبوونی کتێب کاریگەریی لەسەر کتێبە دەرسییەکانی قوتابخانەکانیش داناوە. سەرەتای پاییزی ئەمساڵ کە قوتابخانەکان کرانەوە، بنەماڵەی خوێندکاران لەگەڵ کێشە بۆ دابین کردنی کتێب بەرەوەڕوو بوونەوە. هەندێک لەو بنەماڵانە بە زەحمەت کەلوپەل و کتێبە دەرسییەکانیان بۆ منداڵەکانیان دابین کردوە. شایانی باسە کە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش لەو گرانییەدا بێبەش نەبوون. گرانبوونی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکوو کاغەز و ڕەنگ یەکێک لە گەورەترین کێشەی ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکانی ئێران بوون و بەو هۆیەوە هەندێک لە ڕۆژنامەکان ڕادەی کەمتریان لێ بڵاوکرایەوە و گۆڤارەکانیش هەندێکیان داخراون و خاوەنەکانیان توانای بڵاوکردنەوەیانیان نییە.