کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆزینەوەی تەرمی ئەشکەنجەدراوان لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەردەوامە

14:33 - 27 سەرماوەز 2719

دوای مانگێک لە سەرکوتی خۆپێشاندەران و گیان لەدەستدانی سەدان هاووڵاتی و بریندارکردن و گرتنی هەزاران خۆپێشاندەر لە شارەکانی ئێراندا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەتەواوەتی ترسی لێنیشتووە و بناغەی دەسەڵاتە نگریسەکەی کەوتۆتە لەرزە، و لە بەرانبەر مافخوازی و ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا خۆی بە دۆڕاوی گۆڕەپانەکە دەزانێ و لە وڵاتانی دیکەشدا کە پشتی بە ئاڵۆزی و تێرۆریستپەروەری دەستوپێوەندییەکانی بەستبوو بە تەواوەتی شکاوە و ناچار بە پاشەکشەبووە؛ کەوتۆتە پەلەقاژەو وەکوو نەریتی خۆی کە کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بێتاوانە، زۆر دڕندانە دەستیداوەتە ئەشکەنجەی خۆپێشاندەران و بۆ شاردنەوەی جینایەتەکانیشی پیلانی جیاجیا تاقی دەکاتەوە. هەر لەوپێوەندییەدا لە شارەکانی مەریوان ،جوانڕۆ، سنە ،ماهشەهرو کەرەج و شارەکانی دیکەی ئێرانیش ڕۆژ نییە تەرمی ئەشکەنجەدراوی کەس یان کەسانێک بە تایبەت لە نێو چۆم و ڕووبارەکان نەدۆزرێنەوە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی ئەو پەلەقاژەیەو بۆ کۆکردنەوەی خەڵکێک بۆ دەنگدانی دووبارە، ئەو جینایەتانە دەداتە پاڵی دژبەرانی ڕێژیم و لەوانە حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە پێی هەواڵەکان لە ماوەی دوای خۆپێشاندانەکاندا بە دەیان کەس لەشارەکانی ئێران و بەتایبەت لە خووزستان و کوردستاندا دۆزراونەوە کە کۆماری ئیسلامی بەم کردەوە نامرۆڤانەیەی دەیهەوێ دوو شت بەرەوڕووی خەڵکی ئێران بکاتەوە، یەکەمیان ترس و تۆقاندنی خەڵکە کە جاریکی دیکە نەوێرن ناڕەزایەتی دەرببڕن دواتریش دەیهەوێ بەو شێوە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار بە کوشتنی ئەو خەڵکە بکا. بەدڵنییاییەوە هەم خەڵکی ئێران لە کوشتن و ئەشکەنجە و هیچ جینایەت و پیلانێکی رێژیم ناترسن و کۆڵنادەن و حیزبە کوردییەکانیش ئەوەندە خەڵک دەیانناسێ و مێژوویەکی پاک و خاوێنیان هەیە کە بەو پیلان و پەلەقاژەی ڕێژیم لە چاوی خەڵک ناکەون. سارا کوردپوور هەواڵنێری ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردستان لە سنە، دیتنەوەی لانیکەم ١٠ تەرمی دۆزراوە لەو ناوچەیەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە بەپێی شیکاری تەرمەکان، دیارە کە ئەوانە هی مانگی خەزڵوەری ئەمساڵن و پێوەندیان بە خۆپێشاندانەکانەوە هەیە. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕایگەیاند کە بنەماڵەی قوربانییەکان لەژێر هەڕەشە و گوشاردان بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە بە مێدیایی نەکەن.