لە شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، ژنە چالاکێکی فەرهەنگیی کورد دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ژنە چالاکێکی فەرهەنگیی کوردیان بە ناوی "ئانیسا جەعفەری مێهر" لە شاری شائاباد دەسبەسەر کرد.
ئەو هێزانە بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو ژنە چالاکە کوردە و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بە سەر هێندێک کەرەسەی شەخسی وەک لەپتاپ، کتێب و موبایلی ناوبراو داگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئانیسا جەعفەری مێهر، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای بەشی زمانناسیی زانکۆی کوردستان بووە. تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە لە ماوەی رابردوودا پێنج کەس لە ژنە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی کورد لە شارەکانی کەلاردەشتی مازەندەران، کامیاران، سەرپێڵی زەهاو، کامیاران و بۆکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.