کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێک و چارەنووسی نادیاری چەند کۆڵبەری دیکە لە هەورامان

15:37 - 27 سەرماوەز 2719

پۆلێک کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی گەردەنەی "تەتەی هەورامان"، بە هۆی بارینی بەفرەوە ڕێیان ون کردووە و کەسێکیان بە هۆی سەرما گیانی لە دەستداوە و چارەنووسی چەند کەسیان نادیارە. ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، زیاتر لە ١٠ کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی گەردەنەی" تەتە"، بە هۆی بارینی بەفر و باران ڕێگایان لێ ونبووە و هەتا ئێستا یەکێکیان بە هۆی سەرماوە گیانی لە دەستداوە و برایەکیشی بە سەختی بریندار بووە و چارەنووسی چەند کەسیان نادیارە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئازاد خوسرەوی" خەڵکی شارەدێی "نێ"ی، مەریوان بە هۆی سەرماوە گیانی لە دەستداوە و تەرمەکەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "بوعەلی" شاری مەریوان. هەروەها برایەکی ناوبراو بە ناوی "فەرهاد خوسرەوی" دۆزراوەتەوە کە باری تەندروستی ناوبراو ناجێگیرە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە بەشێکی زۆر لە خەڵکی مەریوان و ناوچەکە بە دوای دۆزینەوەی ئەو دەستە کۆلبەرەوەن کە بەهۆی بارینی بەفر و باران ڕێگایان لێ ون بووە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.