بەرپرسێکی ڕێژیم بە نیگەرانییەوە باس لە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا دەکا و دەڵێ: "پاش سەرکوتی خۆپێشاندەران و کوشتنی خەڵک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە خەڵک ئەمجارە دەست بۆ چەک ببەن و بەرەنگاری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە و شەڕی سەر شەقام لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دەستپێبکات".
ئابووریناس و بناژۆخوازی ڕێژیم "ئیبراهیم فەییاز" لە وتووێژێکدا لە گەڵ ماڵپەڕی هەواڵدەریی "جەماران" وتی: "ئەوەی کە لەماوەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەدا ڕوویدا لە خۆڕا نەبوو و نییە و لەوانەیە سەرلەنوێ و زۆر زوو سەر هەڵبداتەوە و شەڕی چەکداری جێگای خۆپێشاندان بگرێتەوە".
هەروەها ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "خۆپێشاندانەکان لە خۆڕا ڕوویاننەداوە و لەدرێژەی پرۆسەیەکدا بووە کە بنەمای کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی ویلایەتی فەقێ و خودی خامنەیی کردۆتە ئامانج و تا دێت بەربڵاوتر و توندتر دەبێ تا ئەو ئاستەی کە مرۆڤ دەخاتەوە بیری ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی پێش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی کە خەڵک دەستیان بۆ چەک برد و لە گرووپی بچووکدا سازمان دەدران و دژی ڕێژیمی پێشوو دەستیاندایە چەک .
ئێمە ئەگەر نەتوانین ئەو کێشە و قەیرانگەلەی کە لە کۆمەڵگەی ئێراندا سەریانهەڵداوە و لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و هەموو کێشە ورد و بچووکەکاندا دەستەوەستان ماوینەتەوە و ڕۆژبەڕۆژ کەڵەکەتر دەبن، بە دڵنیاییەوە ناتوانین بەردەوام بین.