کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی حەسەن روحانی لە مالزی

15:17 - 28 سەرماوەز 2719

حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ـی سەرماوەز لە سەردانێکدا بۆ وڵاتی مالزی، ڕایگەیاند: " وڵاتی ئێمە لە ساڵی داهاتوودا پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێ و پێویستمان بە فرۆشی نەوت نییە. دەتوانین بێ کەڵک وەرگرتن لە داهاتی فرۆشی نەوت ئابووریی وڵاتی ئێران گەشە پێ بدەین". هەروەها ناوبراو بە ئاماژە کردن بە دۆخی خۆپێشاندانەکان وتی: " کێشەکانمان بە ئاسانی چارەسەر دەکەین و دەتوانین دەستی وڵاتانی دەرەکی لە ئاژاوەنانەوە کورت بکەینەوە." حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدا ئەو قسانەی کرد کە دۆخی ئێران لە قۆناغێکی پڕ لە مەترسی دایە و لە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی گەمارۆکاندا گوشارێکی زۆری لەسەرە. نەفرۆشتنی نەوت بووەتە هۆی داڕمانی جومگە ئابوورییەکانی ئێران. بەهۆی گەمارۆکانەوە نرخی هەڵاوسان گەیشتووەتە لەسەتا ٤١ و خەڵک لە دۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن. قسەکانی حەسەن ڕووحانی لە کاتێکدایە کە هەر بەهۆی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان و گرانبوونی بەنزینەوە خۆپێشاندانیان وەڕیخستوو و دواتر دۆخیکی ئەمنییەتی بەسەر خۆپێشاندانەکاندا زاڵ بوو و خەڵکێکی زۆر بە هۆی سەرکوتی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەس بریندار هەزاران کەسی تریش ڕاپێچی بەندیخانەکان کران.