کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کرانی دوو چالاکی فەرهەنگی لە کرماشان

15:32 - 28 سەرماوەز 2719

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری کرماشان دوو چالاکی فەرهەنگیی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی شاری شائاباد و کرماشانی دەسبەسەر کردووە. هەر لەو پێوەندیەدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو چالاکی فەرهەنگی، بە ناوەکانی "فواد موزەفەری" و " فەرزاد سەفەرە" و دەسبەسەریان کردوون. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هێزانە لە کاتی دەسبەسەر کردنی ئەو دوو چالاکە، سەرەڕای پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان بەسەر هێندێک کەلوپەلی تاکەکەسی وەک موبایل، کتێب و لاپ تاپ، داگرتووە و لە گەڵ خۆیان بردوویانن. فەرزاد و فواد، لە چالاکانی فەرهەنگی، نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی شاری کرماشانن و تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە. پێشتریش ئاکۆ جەلیلیان، سۆهراب مورادی، داریوش مورادی، ئەحمەد بەساتی و ئانیسا جەعفەری مێهر لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.