کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەک تۆرێن بری: پێویستە ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەنگاوی جدی له دژی ئێران هەڵبگرێ

19:36 - 28 سەرماوەز 2719

دوابەدوای زیادبوونی هەڕەشە شەڕئامێزەکانی حکوومەتی ئێران بۆ هێرش کردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا له ناوچەکە، مەک تۆرێن بری، ئەندامی باڵادەستی کۆنگرێسی ئەمریکا لەبەرەی کۆماریخوازان، هۆشداری دا و وتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکە پێویستە هەنگاوی جدی و چاونەترسانە لە دژی ئێران هەڵبگرێ. له لێدوانەکانی ئەو نوێنەری کۆنگرێسی ئەمریکادا ڕوون نەکراوەتەوە کە ئەو هەوڵ و هەنگاوانە دەبێ سەربازی _ ئەولەکاری بێت یا دژکردەوە لە بوارەکانی تردا. بەرپرسی کۆماریخوازانی ئەنجومەنی کاروباری سەربازیی کۆنگرێسی ئەمریکا لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی: "پێشبینی ئەوە دەکەم ئێران له حەوتەکانی داهاتوودا کردەوەی دنەدەرانە و ورووژێنەری زیاتر له ناوچەکەدا ئەنجام بدات." "تۆرێن بری" ئاماژەی بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئێران دا و وتی: ڕێژیمی ئێران چەند مانگ بەرەنگاری خۆپیشاندان و خەڵکی ناڕازی بۆتەوە و خوێنی سەدان هاونیشتمانی ئێرانی ڕشتوە، بەڵام دوور نییە ئێران بۆ درووست کردنی دوژمنێکی دەرەکی دەست بۆ هەندێ کردار و هێرش ببات. ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە بێدەنگی ئەمریکا لە هەمبەر هێرش بۆ سەر نەوت‌ هەڵگرێکی له مانگی ئەکتۆبەر، جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە دەتوانێ پیشاندەری درووستی پێشبینیەکان بێت لەمەڕ خۆئامادهکردنی ئێران بۆ هەندێ هێرش و کردوەی گێرەشێوێنانە. مەک تۆرێن یەکێک له کەسایەتیە دیارەکانی کۆنگرێسی ئەمریکایە کە گرینگی زۆر بە پرسەکانی پێوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی دەدات و لەم ‌بارەوە سوورە لەسەر پێویستی بەشداری هێزی سەربازی ئەمریکا له سووریا و دەخوازێت کە پرێزیدێنت ترامپ پێویستی بەشداری هێزی سەربازی وڵاتەکەی بۆ خەڵک و ڕای گشتی شی بکاتەوە.