![](/files/hashemxastiarrr.jpg)
هاشم خواستار چالاکی سیاسی و ئەندامی کانوونی پیشەیی مامۆستایانی ئێران کە بە هۆی واژۆکردنی بەیاننامەی ١٤ کەسی و ڕەخنەگرتن لە خامنەییەوە لە بەندیخانە دایە، لە دوایین لێدوانی خۆی ڕایگەیاند کە ؛ بەندکردنی ئێمە خەڵک وشیار دەکاتەوە و بۆیە پێداگر نین بۆ ئازاد کردنمان.
سەید هاشم خواستار لە دایکبووی ١٣٣٢ی هەتاوی ئەندازیاری کشتوکاڵ و مامۆستای خانەنشین کراو کە ماوەیەکە بە هۆی بەشداریی کردن لە گرووپی ١٤ کەسی کە خوازیاری دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی و تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامین، دەسبەسەرکراوە و زیاتر لە ١٣٠ ڕۆژە لە گرتووخانەی ئیتلاعات دایە.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ، ١٠٦ ڕۆژە لە زیندانی تاکەکەسیدا بووەو لە ئاخرین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاندوە کە من بە بەرپرسانی قەزایی و ئینتیزامی زیندانم گوتوە هەر بەوشێوە لە زەمانی شا لەسەر زوڵم و ستەم ڕەوانەی بەندیخانە کرام، ئێستاکەش لە سەردەمی شێخ و مەلا بە هەمان شێوە لە زیندان دام.
بە گوتەی سدێقە مالەکیفەرد هاوژینی هاشم خواستار، ناوبراو لە کورتە پەیامێکدا ڕایگەیاندوە کە پێداگر نیە بۆ ئازادبوونی چونکە چرکە بە چرکە مانەوەیان لە زیندان خەڵک لە زوڵم و ستەمی کۆماری ئیسلامی وشیار دەکاتەوە.
جێیوەبیرهێنانەوەی هاشم خواستار و ١٣ کەسی دیکە چەند مانگ لەمەوپیش کەمپەینێکیان وەڕێخست لە ژێرناوی" دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی ڕێبەری باڵای نیزام" و چەند هەزار ئیمزایان کۆکردەوە.
ناوبراو لە گەڵ محەممەدینوریزاد یەکێکی دیکە لە واژۆکەرانی دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی لە گرتنگەی ئیتلاعات دایە.