کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موژگان کاوسی حوکمی ٦٩مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا

19:23 - 30 سەرماوەز 2719

موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی شاری کەلاردەشت لە باکووری ئێران، لە لایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە، حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شاری کەلاردەشت لەلایەن دادگای قەزایی شاری نەوشەهەر لە باکووری ئێران بە سێ تۆمەتی جیاواز سەرجەم حوکمی ٦٩ مانگ بەندکرانی بە سەر داسەپا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، موژگان کاووسی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاندانی خەڵک بۆ درووست کردنی پشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی و بە تۆمەتی تەبلیغ دژی نیزام، بە ٦٩ مانگ حوکمی بەندکران بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە "موژگان کاووسی" تەنیا بە تۆمەتی نووسینی پۆستێکی ئینستاگرامی کە نووسیبووی بێ دەنگی خیانەتە" و لەگەڵ وێنەی گیانبەختکردوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی ڕابردووی مەریوان و جوانڕۆ بڵاوی کردبۆوە، حوکمی ٣٣ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. موژگان کاووسی لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە و ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی پێدراوە کە تانە لەو بڕیارە بدا، ناوبراو هەر ئەو ڕۆژە و دوای دانیشتنی دادگا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. ئەو نووسەرە کوردە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین وتاری لەسەر زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە و کورتە فیلمێکی بەڵگەیی بە ناوی " هیوا " بەرهەم هێناوە. ناوەڕۆکی ئەو فیلمە باس لە سەر مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی لە نێو کوردەکانی کەلاردەشت لەپارێزگای مازندەرانی باکووری ئێران دەکا. موژگان کاووسی کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیموور، بەرهەمی عارف قوربانی نووسەری خەڵکی کەرکووکی، بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕاوەتەوە.