![](/files/iranoamrikkaaa.jpg)
وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، دوو دادوەری ئێرانیی بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و هاووڵاتییانی دوو وڵاتی مەحکووم کرد و کەوتنە لیستی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، قازی "ئەبولقاسم سەڵەواتی" و "محەممەد ناسر موقیسە"، لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە خرانە نێو لیستی گەمارۆکانەوە کە لە کاتی دادگاییکردنی بەندکراواندا، دادپەروەرییان بە لاڕێدا بردووە.
بەپێی ئەو گەمارۆیانە، تەواوی سامان و داراییەکانی ئەو دوو دادوەرە دەستی بەسەردا دەگیرێ و هیچ هاووڵاتییەکی ئەمریکایی ناتوانێ لەگەڵ ئەوان بازرگانی بکا.
ئەو دوو دادوەرە ئێرانییە، بە تۆمەتی "زیندانیکردنی درێژماوە، لێدانی قامچی و تەنانەت حوکمی لەسێدارەدانی ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، چالاکانی سیاسی، ئەندامانی کەمەنەتەوەیی و ئاینییەکان بەهۆی دەربڕینی ئازادیی بەیان و کۆبوونەوە"، خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
"موقیسە" بەرپرسی لقی ٢٨ و "سەڵەواتی" بەرپرسی لقی پازدەی دادگای ئینقلابی شاری تارانن.
بەشێک لە گەمارۆکانی ئامریکا دژی ئێران تایبەت بە مافی مرۆڤە، بەتایبەتی سەرکوتی توندی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەگەڵ دژکردەوەی توندی وڵاتانی ئامریکایی و ئورووپایی بەرەوڕوو بووەوە.
ئەمە یەکەم جار نییە کە بەرپرسانی دادوەریی ئێران لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە دەخرێنە لیستی گەمارۆکانەوە و پێشتریش لە ساڵی ٩٦دا، ئەمریکا، "سادق لاریجانی"، بەرپرسی دەزگای دادوەری و "غوڵامڕەزا زیایی"، بەرپرسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجی بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گەمارۆیان خراوەتە سەر.