کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکۆ جەلیلیان ماوەی حەوتەیەکە چارەنووسی ناڕوونە

14:59 - 1 بەفرانبار 2719

فەرهەنگووس و زمانزانی شائابادی "ئاکۆ جەلیلیان" ماوەی حەوتەیەکە دەسبەسەرە و لە چارەنووسی ئەو نووسەرە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە. ئاکۆ جەلیلیان خاوەنی فەرهەنگی گرینگی کوردیکا ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی بە هۆکاری ئەمنیەتی لە ماڵەکەی خۆی لە کرماشان دەسبەسەر و بۆ شوینێکی نادیار گوازراوەتەوە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هێزانە سەرەڕای پشکنینی ماڵی ناوبراو لاپتاپ، کتێب، تەلەفۆن و کەلوپەلی شەخسی ناوبراویان لەگەڵ خۆیاندا بردووە. شایانی باسە " ئاکۆ جەلیلیان" نووسەری فەرهەنگی پێڕستی وشەکانی باشوور، کۆی پێنج بەرگی " زەڕینە و سیمینە، تاریکخانە و کۆمەڵە چیرۆکی ڕەنگامە و ڕۆمانی ئاگر مەلووچ" و خەریکی نووسینی گەورەترین فەرهەنگنامەی کوردییە. جێی‌‌ئاماژەیە بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی نێوخۆی ولات و دەرەوەی کوردستان نیگەرانی چارەنووسی ئاکۆ جەلیلیان و خوازیاری ئەوەن کە لە زووترین کات، ئازاد ببێ. لەماوەی حەوتەی ڕابردوودا لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی شاری شائاباد و کرماشان دەسبەسەر کراون.