کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگدانەوەی مەرگی دڵهەژێنی دوو برای کۆڵبەری مەریوانی

16:16 - 1 بەفرانبار 2719

پاش ئەوەی تەرمی فەرهاد خۆسرەوی لە بەرزاییەکانی تەتەی مەریوان دۆزرایەوە مەرگی ئەو کۆڵبەرە ١٤ ساڵە زۆربەی خەڵکی کوردستانی داخدار کرد و بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەو پێوەندییە‌دا هەڵوێستیان گرت. کەسایەتیی ئایینی و نەتەوەیی حەسەن ئەمینی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی لە گەڵ بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە گەنجە، ڕەخنەی لە کەرامەت شکاندنی مرۆڤی کورد گرتووەو باسی لە هەڵاواردن کردووە. لە بەشێک لە پەیامی کاک حەسەن ئەمینی‌دا هاتووە: بەڕاستی ئایا ئەم وڵاتە خاوەنێکی نییە؟! ئەگەر ھەیە بۆچی ئاوا ڕۆڵەکانی بۆ بژیو و نان، دەبێ خۆ بخەنە مەترسی و گیان لە دەست بدەن! ئەویش نە هەر ئەمان، بەڵکو هەر لە زوەوە به دەیان و بە سەدان! بەڵێ خۆ ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینین کەسانێک بە ناوی خاوەنانی وڵات، گەنجەکانمان چەکدار دەکەن بۆ پاراستنی دەسەڵات و سنوورەکان. بۆ درووشم دانیش بە دژی خەڵکان و بە سودی ئەوان لە ھەمو خەڵک دەخوازن بچنە سەر شەقام، ئەی بۆ بۆ دابین کردنی نان و ئاویان، بژیو و پێداویستیەکانیان تا نەمرن و ڕەق نەبنەوە نایان ناسن". هەروەها بەرەی یەکگروتوی کورد لە پەیامێکدا بە باسکردن لە کارەساتی کۆڵبەری و کوشتن و برینداربوون و بێسەڕشوێنی بوونی کۆڵبەرانی سەر سنوورەکانی کوردستان ڕەخنەی لە خەمساردی دەسەڵاتداران گرتووە. لە پەیامی بەرەی یەکگرتووی کورد‌دا هاتووە: دەیان ساڵە لە مێژووی هەڵاواردن و هەژارهێشتنەوەی کوردستان ئێمە شاهیدی کوشتاری کۆڵبەرانین لە سەر سنوورەکان و ئەو کارەساتە داخ دەنێتە سەر دڵی هەر ئینسانێک، بەڵام ئایا تائێستا وێژدانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وەخەبەر هێناوە؟ لە درێژەی پەیامی بەرەی یەکگرتووی کورد بە باسکردن لە کارەساتی کۆڵبەر و پرسی کۆڵبەرانی کورد بە ئاماژەدان بە مەرگی دوو گەنجی کۆڵبەر بە ناوەکانی ئازاد و فەرهاد خۆسرەوی خەڵکی ئاوایی نێی مەریوان وێرای هاوخەمی، ئەو کارەساتە دڵهەژێنەیان بەرهەمی بایەخ نەدان بە کوردستان لە باری ئابووری و و خۆشبژیوەییەوە زانیوەو کە ئەوەش بۆ زاڵبوونی کەشی ئەمنیەتی لە کوردستان دەگەڕێتەوە. هەروەها بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دێموکڕاتی کوردستان لە پەیامێک‌دا هاوخەمی خۆی لە گەڵ کوردانی ڕٶژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی بنەماڵی دوو گەنجی کۆڵبەر دەربڕێوە. جێی‌ئاماژەیە جیا لە کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی کورد بەشێکی زۆر لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد لەهەمبەر خەمساردیان لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کۆڵبەری لەسەر سنوورەکانی کوردستان بەتوندی ڕەخنەیان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرتووە.