کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچە کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تورکیە پلەی یەکەمی کۆنگفۆی بەدەستهێنا

16:17 - 1 بەفرانبار 2719

لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی پەنابەران کە لە شاری مانیسای تورکیە بەڕێوەچوو کچێکی کوردی ڕۆژهەڵات بەناوی پەنابەری سەرکەوتوو هەڵبژێردرا. ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی پەنابەران کە لە شاری مانیسای تورکیە بەڕێوەچوو باوک و کچێکی کورد بە ناوی "عەباس زەندی و کوردستان زەندی" وەک پەنابەری سەرکەوتوو لەو وڵاتە ڕێزیان لێگیرا. لەو ڕێوڕەسمەدا بەشێکی بەرچاو لە کار بە دەستانی پێوەندیدار، بەرپرسانی پەنابەران، پۆلیس و نوێنەری پەنابەران بەشدار بوون کوردستان زەندی کچە کوردی پەنابەری خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی چۆنییەتی ژیانی خۆی و سەرکەوتنەکانی لە بوارەکانی وەرزشیدا کرد. ناوبراو کە تەمەنی ١٢ ساڵە بە زمانی تورکی بۆ ئامادەبووان باسی لە ژیانی سەختی پەنابەری و نیگەرانییەکانی خۆی کرد و ئاماژەی بە بەربەستەکانی کرد لە بواری وەرزشدا و سەرەڕای ئەوانەش توانیویەتی لەگەڵ باوکی درێژە بە ڕاهێنان بدا و نەیتوانیوە لە هیچ کلاسێک بەشداری بکا و تەنیا لە پارکی نزیک ماڵەکایان باوکی ڕاهێنانی پێکردووە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە دنیای ئێمەی مناڵدا تاریکی،هەڵاواردن و رەگەز پەرەستی نییە و سروشت، ئاشتی و شادیمان خۆش دەوێت و بە ئاواتی دنیایەکی تەژی ئاشتی و دوور لە شەڕین". کوردستان زەندی ، لە کێبەڕکێی جیهانی وەرزشی "ڕەزمی کۆنگ‌فۆ" کە لە ئیستانبووڵ بەڕێوە چوو پلەی یەکەمی بەدەست هێنا. شایانی باسە کە باوکی کوردستان، "عەباس زەندی" لەگەڵ بنەماڵەکەی ماوەی پێنج ساڵە بە ناچار ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە جێهێشتووە و وەک پەنابەر لە وڵاتی تورکیە دەژین و ناوبراو چەند سەرکەوتنی وەرزشی و هونەری لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئیڕان و کوردستان بەدەستهێناوە و مامۆستای بواری وەرزشە ودامەرزێنەر و ڕاهێنەری هۆڵی وەرزشیی نەبەز بووە لە شاری سنە. ناوبراو لە بواری منداڵاندا خاوەنی چەند کتێب و بەرهەمە و ئێستاش بەردەوامە لە خزمەت کردن بە گەلەکەی و دڵسۆزانە درێژە بە کارەکانی دەدا. شایانی باسە کە سەرکەوتنەکانی "کوردستان زەندی" لەبواری وەرزشیدا لە زۆربەی میدیاکانی تورکیە و کوردستان بڵاو کراوەتەوە.