کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران خەریکە خۆرهەڵاتی ناڤین لە کیس دەدا

22:09 - 1 بەفرانبار 2719

ئێران خەریکە خۆرهەڵاتی ناڤین لە کیس دەدا، ناڕەزایەتییەکانی لوبنان و عێراق ئەوە دەسەلمێنن فارین پاڵیسی – حەنین غەددار کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی لە کەمتر لە مانگێکدا، خۆپیشاندانەکان دژی گەندەڵیی و نەبوونی چاکسازیی ئابووری لە عێراق و لوبنان دەستیان پێکرد. لە هەردوو وڵات، ناڕەزایەتییە چاوەڕواننەکراوەکان، کە شارە شیعە نشینەکانی گرتۆتەوە، ئاشکرایان کردوە کە سیستمی ئێران بۆ دەستڕۆیشتوویی لە ناوچەدا شکستی هێناوە. بۆ کۆمەڵگە شیعەکانی عێراق و لوبنان، تاران و بەکرێگیراوەکانی لە وەرگێڕانی سەرکەوتنە سەربازی و سیاسییەکانیان بۆ دوورە دێمەنێکی ئابوووری-کۆمەڵایەتی شکستیان هێناوە، بە واتایەکی ساکار، سێناریۆی بەرخۆدانی ئێران نەیتوانی بژیوی خەڵک دابین بکا. لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، دەوڵەتی ئێران و سپای پاسداران سیاسەتێکی ئاشکرا، درێژخایەن و وردیان لە بارەی چۆنیەتیی هەناردەکردنی شۆڕشەکەیان بۆ ناوچە، بەتایبەت بۆ وڵاتانی خاوەن زۆرینەی شیعە، هەبووە. ئێران بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتەکەی گەلێک پشوودرێژ و خۆڕاگر بووە و، نسکۆی بچووکی قبووڵ کردوە لە کاتێکدا کە هۆشی لەسەر ئامانجە سەرەکییەکەی واتە هێژمۆنیی بەسەر عێراق، لوبنان، سووریە و یەمەندا بووە. ئەمڕۆ، وێدەچێ کە ئێران گەمە درێژخایەنەکە بباتەوە. بەکرێگیراوەکەی لە لوبنان لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوودا بردییەوە. لە سووریە، ئێران توانی هاوپەیمانەکەی واتە بەشار ئەسەد نەجات بدا. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئێران بە هەمان شێوە لە بەغدا لە ڕێگای بەکرێگیراوەکانییەوە، لە نێویاندا هێزی حەشدی شەعبی، میلیشیای شیعە کە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ داعش دروست بوو، دەسەڵاتی زۆرتری وەدەست هێناوە. بەڵام، ئێران لە پلانە چل ساڵییەکەیدا، خاڵێکی گرینگی پاشگوێ خست: دوورە دیمەنێکی ئابووری-کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی لایەنگرانی. لە کاتێکدا کە کەلکی لە هەموو دەرفەتێک بۆ خۆخزاندنە نێو سەرجەم دامەزراوەکانی ناوچە وەرگرت، ڕێژیمی ئێران نەیتوانی ئەوە لەبەرچاو بگرێ کە ئەو دەسەڵاتە پێویستی بە پلانی تۆکمە بۆ داهاتوو هەیە. بە لەبەرچاو گرتنی ڕووداوەکانی ناوچە، ئێران لە حوکمڕانیدا شکستی هێناوە، عێراق و لوبنان نموونەی باشن بۆ ئەم ئیدیعایە. ئێران لە هەردوو وڵاتدا هێزی بەکرێگیراوی دروست کردن، لە ڕێگای پشتیوانیی ئابووری و چەکوچۆڵەوە دەسەڵاتی پێ بەخشین و، یارمەتی کردن کە خۆ بخزێننە نێو دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە. ئەمڕۆ، دامەزراوە دەوڵەتییەکانی عێراق و لوبنان کارێکی سەرەکییان هەیە: لەجیات پارێزگاری لە گەل و خزمەتکردن پێی، ئەوان پارێزگاری لە ئێران و بەرژەوەندییەکانی دەکەن. چاودێران بە چەند هۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێستای لوبنان بە "شتێکی بێ‌وێنە" ناو دەبەن. بۆ یەکەمجار لە ماوەیەکی دوورودرێژدا، لوبنانییەکان هەستیان بە دوژمنی نێوخۆیی کردوە، واتە دەوڵەتی ئەوان و ڕێبەرە سیاسییەکان، نەوەک دەسەڵاتێکی داگیرکەر یا شوێندانەرێکی ناوچەیی. لەوێ، ڕێبەرە سیاسییەکان نەیانتوانیوە ئاراستەی ناڕەزایەتییەکان کۆنترۆڵ بکەن، کە سەرجەم کەرت و ئایینەکانی گرتووەتەوە، لە ترابلۆس لە باکوور تا سوور و نەباتییە لە باشوور و لە بەیرووتەوە تا سەیدا. بەربڵاویی ناڕەزایەتییەکان نیشانی دەدا کە ئەوان توانایی یەکگرتووییان بەبێ لەبەرچاو گرتنی پێوەندیی ئایینی و سیاسی هەیە. ئەوەی ئەوانی لێک کۆ کردۆتەوە قەیرانێکی ئابوورییە کە زەرەری بە خەڵکی سەرجەم تاقم و ئایینەکان گەیاندووە. وەک چۆن یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان گوتی: "برسییەتی هیچ ئایینێکی نییە." بەڵام لە هەموو گرینگتر، ناڕەزایەتییەکان بۆیە بێ‌وێنەن چونکە حیزبوڵڵاش هەڵوێستێکی نائاسایی گرت. حەسەن نەسڕوڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵا کە دەیان ساڵ خۆی وەک پارێزەری هەژاران و دژی نادادپەروەری دەناساند، بڕیاری دا کە دژی خەڵکی سەرشەقام لەگەڵ کاربەدەستان هاوهەڵوێست بێ. شێوەی هەڵسوکەوتی حیزبوڵڵا بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا نسکۆیەکی مەزن و دژوارترین ئالنگاریی نێوخۆییە کە تا ئێستا بەرەوەڕووی بووەتەوە. ڕێبەری حیزبوڵڵا لەخۆڕا پشتیوانیی لە سەرۆک وەزیران سەعد حەریری نەکرد. دیمەنی بەشداریی خۆپیشاندەرانی شیعە کە لەگەڵ لوبنانییەکانی دیکەی سەر شەقام تێکەڵ بوون، ترسی خستە نێو دڵی ڕێبەریی حیزبەکەوە. شیعەکانی لوبنان هەمیشە بڕبڕەی پشتی هێزی نێوخۆیی و ناوچەیی حیزبوڵڵا بوون. ئەوان لە کاتی هەڵبژاردندا دەنگ بە حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکەی ئەمەل دەدەن و، لەگەڵ ئەوان لە لوبنان، سووریە و یەمەن شەڕ دەکەن. لە بەرامبەردا زۆر لەوان مووچە و خزمەتگوزاری وەردەگرن کە بە لێشاو لە لایەن ئێران و حیزبوڵڵاوە پێیان دەدرێ. بەڵام بۆ یەکەم جار لە دوای دامەزرانی حیزبوڵڵا لە هەشتاکانی زایینییەوە، شیعەکانی لوبنان دژی دەوەستنەوە. لە نەباتییە، گرینگترین ناوچەی نفووزی ئەو گرووپە لە باشووری لوبنان، خۆپیشاندەرانی شیعە تەنانەت بارەگاکانی ڕێبەرانی حیزبوڵڵایان سووتاند. لێرەدا، سێ هێز کاریگەرن. یەکەم، تێوەگلانی پڕتێچووی حیزبوڵڵا لە شەڕی سووریە و زەختی گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران، ئەو حیزبەی ناچار کردوە کە مووچە و خزمەتگوزارییەکان کەم بکاتەوە، کە بووەتە هۆی زیاتر بوونی مەودای نێوان دەوڵەمەند و هەژارەکانی نێو ئەو کۆمەڵگەیە. لە کاتێکدا کە زۆربەی هێزەکانی کە دەیانناردنە شەڕی سووریە لە شیعە هەژارەکان بوون، کاربەدەستەکانی حیزب بە هۆی شەڕەکەوە دەوڵەمەند بوون کە بووە هۆی ناڕەزایەتیی زۆر. دووهەم، دەنگدەرانی حیزبوڵڵا ناچار بوون کە هاوپەیمانی حیزبوڵڵا، نەبیل بەرری، وەک سەرۆکی پارلمان، وەک خراپەیەکی پێویست بۆ پاراستنی هاوپەیمانیی شیعە، قبووڵ بکەن. ئەگەرچی گەندەڵیی ئاشکرای بەرری دژی ئیدیعای حیزبوڵڵا لەمەڕ شەفافییەت و دەستپاکیی بوو، کۆمەڵگەکە بۆ دەیان ساڵ پاشگوێی خست. بەڵام کاتێک کە ئابووریی لوبنان بەرەوە خراپی چوو لەهەمان کاتدا کە دارایی حیزبوڵڵا لە کەمیی دا، زۆر شیعە چیدیکە نەیاندەتوانی تێچووی خۆیان دابین بکەن. گەندەڵیی بەرری و سامانە لە ڕادەبەدەرەکەی چیدیکە تەحەمول نەدەکرا. سێهەم، حیزبوڵڵا لە ڕادەبەدەر جەختی لەسەر توانایی سەربازی کردوە. حیزبوڵڵا پاش کشانەوەی ئیسڕائیل لە لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٠ و پاشان دوای شەڕی جوولای لە لوبنان لەگەڵ ئیسڕائیل لە ٢٠٠٦ ئەو هەڵوێستەی گرت. ئەو بە هەمان شێوە ئیدیعای کرد کە لە سووریە دژی دوژمنی نوێ، توندئاژۆیی سوننە، سەرکەوتووە. بەڵام، گشت ئەو سەرکەوتنانە نەیانتوانی ببنە هۆی خۆشبژیویی گشتی. لەوانەیە بە قازانجی ئێران بووبێ، بەڵام شیعەکانی لوبنان لە هەموو کات زۆرتر تەریک کەوتنەوە. بۆیە هێندە گرینگە کە کۆمەڵگەی شیعە، بە تێکەڵ بوون لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان، ئێستا هەوڵ دەدا کە پێناسەی لوبنانیی خۆی وەدست بێنێتەوە، لە جیات ئەو پێناسە ئایینییەی کە تائێستا لە دابین کردنی چاوڕوانییەکەی شکستی هێناوە. بەسەرهاتی عێراقیش بە هەمان شێوەیە. ئەو مانگە، دەیان هەزار عێراقی لە بەغدا و شارە شیعەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە هاتنە دەر و دژی شکستی چینی سیاسیی عێراق لەمەڕ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و کەم کردنەوەی بێکاری و گەندەڵی، ناڕەزایەتییان دەربڕی. سەرکوتکردنەکان خێرا و شەڕەنگێزانە بوون کە بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر. ڕۆیتێرز کەمێک دوای حەفتەیەک لە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ئێران بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران، تاک‌تیرهاوێژیان لە هەندێک سەربانی بەغدا دامەزراندبوون. دەوری ئێران لە وڵامدانەوە بە خۆپیشاندانەکان لە عێراق و شکستی دەوڵەت لە پارێزگاری لە هاووڵاتییەکانی نیشانەیەکی بەرچاوی نفووزی ئێران لەو وڵاتەیە. گەلێک لە فەرماندەکانی میلیشیاکانی سەربە ئێران ئێستا ئەندامی پارلمان و دەوڵەتن، کە ئاجێندای ئێران جێبەجێ دەکەن و ئابوورییەکی جێگرەوە بۆ ئێران کە لەژێر گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکاندایە دابین دەکەن. هەر وەک لوبنان، بەرنامەی ئێران دژی داعش یارمەتیدەر بوو کە ڕێبەرانی میلیشیاکان بچنە نێو پارلمان و وردە وردە خۆیان بخزێننە نێو دامەزراوە دەوڵەتییەکان. وەک مۆدێلی حیزبوڵڵای لوبنان، ئەگەر پێشی پێ نەگیرێ، بەکرێگیراوە عێراقییەکانی ئێران لەسەرخۆ و بێگومان لە سپای عێراق بەهێزتر دەبن و، دەسەڵاتی شەڕ و ئاشتی دەکەوێتە دەست ئێران. ئەوە بە هەڵکەوت نییە کە تەنیا شیعەکان لە عێراق هاتنە سەر شەقامەکان. سوننییەکان دەمێکە لە لایەن ڕێبەرە تایفییەکانی شیعەوە سەرکوت دەکرێن و، شیعەکان تا ئێستا پێناسەی خۆیان لە جیات پێناسەیەکی ئایینی بۆ پێناسەیەکی نەتەوەیی نەگواستووەتەوە. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەگەر ناڕەزایەتییەکان درێژەیان هەبێ، سەرتاسەری وڵات دەگرنەوە. هەندێک سوننی و کوردی عێراق پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی شیعە دەربڕیوە بەڵام خۆیان لە تێکەڵ بوون پاراستووە تا پێش بەوە بگرن کە مۆرکی ئەندامەتیی داعشیان لێ بدرێ، بیانوویەک کە ئێران هەم لە عێراق و هەم لە سووریە بۆ هێرشکردنە سەر سەرهەڵدانەکان کەلکی لێ وەرگرتووە. ناڕەزایەتییەکانی لوبنان و عێراق هەر شتێک لەگەڵ خۆیانا بێنن، ئێران ڕێگا نادا کە پێکهاتەی دەسەڵاتەکەی بێ‌شەڕ بڕووخێ. لە هەردوو شوێنان ئێران کارێک دەکا کە زۆر لێی شارەزایە. لە لوبنان، لە جیات پاشەکشە و ڕێگە دان بە چاکسازی لە لایەن دەوڵەتی نوێ بە وەزیری لێهاتووە، حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی سەربە ئێران وێدەچێ کە هێزەکانیان بەکار بێنن. هەر وەک نەسڕوڵڵا بە ئاشکرا گوتی، دەوڵەتەکەی ناڕووخێ. حیزبوڵڵا هەوڵ دەدا کە هەڵەی حەشدی شەعبی لە بەکار هێنانی توندوتیژی دووپات نەکاتەوە. بۆیە یەکە سەربازییەکانی ڕاهێنانیان بە چەند ئەندامی غەیرە-حیزبوڵڵا کردوە تا ببنە ئەندامی تیپی بەرخۆدانی لوبنان. ئەرکی ئەو تیپانە دەقاودەق ئەوەیە کە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئالنگارییە نێوخۆییەکان بکەن و ڕێگا بە حیزبوڵڵا بدەن کە بەرپرسیارییەکەی نەگرێتە ئەستۆ. هەر ئێستا، لە هەوڵێک بۆ دروست کردنی دژەشۆڕش، سەدان لاو کە ئاڵای حیزبوڵڵا و ئەمەلیان بەدەستەوە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران لە چەند شار. تا ئێستا، سپای لوبنان پێشی پێگرتوون کە زۆر لە خۆپیشاندەران نزیک نەبنەوە، بەڵام ئەوان توانییان لە دەرەوەی بەیرووت، زۆرتر لە شار و شارۆچکە شیعەکان، هەندێک خۆپیشاندەر بترسێنن و لێیان بدەن. لە عێراق، وێدەچێ کە میلیشیاکانی سەربە ئێران کەلک لە توندوتیژی بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییە نوێکان وەرگرن کە قەرارە لە ٢٥ی ئۆکتۆبر دەست پێ بکەنەوە. بەبێ گوشاری نێونەتەوەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارلمان و ناچار کردنی سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی، بۆ دەست لەکار کێشانەوە، خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن. بەڵام لەهەر حاڵەتدا، ناوبانگی ئێران تووشی زەرەری بەرچاو دەبێ. لە سەرانسەری ناوچە، هەمان بەسەرهات دووپات دەبێتەوە. لە هەر شوێنێک ئێران براوە بێ، ئاژاوە حاکمە. لە عێراق تا لوبنان، ئاشکرا بووە کە دەسەڵاتی ئێران چیدیکە تەحەمول ناکرێ و، کاتێک لایەنگرانی خۆی لەو وڵاتانە چیدیکە ئێران و ڕێبەرانیان قبووڵ ناکەن، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرن. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوواییانە نیشان دەدەن کە دەسەڵاتی ئێران زۆر لەوە ناسکترە کە دنیا حیسابی بۆ دەکا و، لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە دەبێ وەبیریان بێتەوە کە شیعەگەری هیی ئێران نییە و ڕەنگبێ کاتی ئەوە هاتبێ کە ئەوان ڕاستەوخۆ کار لەگەڵ کۆمەڵگە شیعەکان بکەن.