کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان: ئەشکەنجەی دەسبەسەرکراوان ئێمەی ڕاچڵەکاند

14:56 - 2 بەفرانبار 2719

دوای خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران دژ بە گرانی و زوڵم و ستەمی ئاخوندەکان، کاربەدەستانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایانگەیاند کە هەڵسووکەوتی کاربەدەستانی ڕێژیم لەگەڵ زیندانیان ئێمەی ڕاچڵەکاند. لەگەڵ دەسپێکی خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمانی خامنەیی و سەرۆک کۆمار بەربوونە گیانی خەڵک و لە هیچ جینایەتێک خۆیان نەپاراست. ڕاستەوخۆ خۆپێشاندەرانیان دایە بەردەستڕێژی چەکەکانیان، خەڵکیان لە شەقامەکان دایە بەر لێدان و ئەشکەنجە، سەدان کەسیان کوشت، هەزاران کەس بریندار بوون و هەزاران کەسیش راپێچی بەندیخانەکان کران. دوابەدوای ڕاپێچکردنی خەڵکی بێتاوان بۆ بەندیخانەکان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕووداوانە گرووپێکی کارناسیی سەربەخۆی شازدە کەسی پێکهێنا. ئەو گرووپە دوای لێکۆڵینەوە ڕایگەیاند کە تا ئێستاش هەزاران کەس لە خۆپێشاندەران هەر لە بەندیخانەکاندان. ئەو کارناسانە ڕۆژی هەینی ٢٩ی سەرماوەز لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە هەڵسووکەوت و ڕەفتاری خراپی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زیندانییەکان ئەوانی ڕاچلەکاندووە. سێ حەوتوو بەر لە ئێستا کۆمیساریای بەرزی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە لەسەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تا ئێستا لانیکەم ٧٠٠٠ کەس گیراون و هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان چەند ڕۆژ پێش لە بڕیارنامەیەکدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کرد. ئەو کارناسانەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایانگەیاند کە ئێستاش هەزاران کەس لە بەندیخانەکاندا لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردان و کاربەدەستانی ڕێژیم بەزۆر زیندانییەکان ناچار دەکەن کە ئێعتڕاف بکەن، بریندارەکان دەرمان ناکرێن و زۆر کەس لە زیندانە نهێنی و شاراوەکاندا ڕاگیراون یا ون کراون و چارەنووسیان نادیارە. ئەو گرووپەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە دەسبەسەرکراوان پەروەندەکانیان بەدواداچوونیان بۆ ناکرێ و لە دادگاییەکی عادڵانە بێبەشن. شایانی باسە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا تەنیا لە ماوەی ٣ ڕۆژدا لانیکەم ٣٠٤ کەس کوژراون کە ١٢ کەسیان مناڵن. هەر لەو ڕاگەیەندراوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا هاتوە کە کەسوکاری قوربانیان هەڕەشەیان لێکراوە کە بێدەنگ بن و هەقیان نییە هیچ شتێک لەبارەی قوربانیەکان باس بکەن و هەروەها هەڕەشەیان لە مێدیاکارانیش کردووە کە نابێ باسی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان بکەن. هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە ناوەندەکەی لە وڵاتی نۆروێژە، ڕایگەیاند کە لە خۆپێشاندانەکاندا ٣٢٤ کەس کوژراون کە لانیکەم ١٤ کەسیان مناڵن.