کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی سەختی برینەکەیەوە

14:58 - 2 بەفرانبار 2719

کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەقز پاش ٩٧ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی تاران، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا. ڕۆژی یەکشەممە، ١ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "کەیهان ئەکرەمی" خەڵکی گوندی "کوێرەگوێز" سەر بە شاری سەقز، پاش ٩٧ ڕۆژ کە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێریدا بوو، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی لەدەستدا. ئەو کۆڵبەرە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی خەرمانان، لە سنووری "سێفی"ی، سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی بریندار بوو و بۆ چارەسەریی برینەکەی لە نەخۆشخانەکانی سەقز، سنە و تاران لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابوو. هەر لەو پێوەندییەدا و ڕۆژی یەکشەممە ١ی بەفرانباری ٩٨، دەستەیەک لە کۆڵبەران لە سنووری شاری "خۆی"کەوتنە کەمینی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی " حەمید عابید" خەڵکی "قتوور" سەر بە شاری خۆی، بە سەختی بریندار دەبێ و بۆ چارەسەری برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێ. جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە حەوتووی ڕابردوو دەستەیەک لە کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی "تەتەی هەورامان" بە هۆی بارینی بەفرەوە ڕێگایان لێ ون دەبێ و لە ئاکامدا دوو برای تەمەن ١٧ ساڵ و چواردە ساڵ بە ناوەکانی ئازاد و فەرهاد خوسرەوی، خەڵکی گوندی "نێ" ی، مەریوان، لە سەرمان گیانیان لە دەست دەدەن. شایانی باسە کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی کار ناچار و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان ڕوو دەکەنە کۆڵبەری و ساڵانە بە سەدان کەس لەو ڕ‌ێگایەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕاوەدوونانی ئەو هێزانە، بەربوونەوە لە بەرزایی و ڕەق هەڵاتن لە سەرمادا و کەوتنە ژێر ڕنوو گیانیان لە دەست دەدەن و کاربەدەستانی رێژیم نەک هەر هەوڵێک نادەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە و ئاوڕێک لە ژیانی کۆڵبەران نادەنەوە بەڵکوو بۆ خۆیان ئیزنیان بەهێزە چەکدارەکانیان داوە لەو ناوچانە کۆڵبەران بدەنە بەر دەسڕێژی گوللە و بیانکوژن.