![](/files/mamostaiannnnnstek.jpg)
ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی بۆ جارێکی دیکە بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی "ڕاهێنان و فێرکاریی" ئێران و کوردستان لە چوونەسەر پۆلی وانەگوتنەوە خۆیان بوارد و مانیان گرت.
بەشێک لە مامۆستایانی شارەکانی سەقز و مەریوان پەیوەست بوون بە مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایان لە ئێران و بە بەرزکردنەوەی تراکت و نووسراوەی پێوەندیدار بە کێشەکانیان لە بەرانبەر خەمساردی بەرپرسان و پشت گوێ خستنی داواکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
مامۆستایانی ناڕازی داواکاری کەمکردنی هەڵاواردن و بردنە سەری کەیفیەتی دۆخی ڕاهێنان لە قوتابخانەکان و هەروەها لە وڵامنەدانەوەی بەرپرسان ڕەخنەیان هەیە .
لە درێژەی مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایانی ئێران و کوردستان لەسەر بانگەوازی شوڕای ڕێکخستنی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایان لە ئێران ڕۆژی ٢ی بەفرانبار خولێکی دیکە لە مانگرتنی مامۆستایان دەستیپێکردەوە.
مانگرتنی بەشێکی دیکە لە مامۆستایان و فەرهەنگیانی ئێران وکوردستان لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردووش سێجار مامۆستایانی ئێران وکوردستان مانگرتنی سەرانسەرییان ڕاگەیاند .
بەشێک لە بەرچاوترین داوکاریی مامۆستایانی ناڕازی بریتین لە:
ئاوڕدانەوەی جیددی لە دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان، ئازادکردنی هاوکارە دەسبەسەرکراوەکانیان، کۆتایی هێنان بە گەڵاڵەی مامۆستای تەواووەخت، فێرکاری و پەروەردەی دادپەروەرانەو کەشی پەروەردەی بەکەیفییەت ، جێبەجێکردنی ئەسڵی ١٥ و ٣٠ لە یاسای بنەڕەتی، سەرنجدان بە فەزای پەروەردە لە نێو قوتابخانەکان و نەهێشتنی هەڵاواردن، کۆتاییهێنان بە پیلانی پەروەندەسازی ئەمنیەتی بۆ مامۆستایانی ناڕازی و هەروەها ئەو مامۆستایانەی کە ڕەخنە لە کەمووکوڕییەکان و ناعەداڵەتییەکان دەگرن.