کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کردنی تازەلاوێکی کورد لە مەریوان

16:22 - 2 بەفرانبار 2719

مێرمنداڵێکی کورد لە مەریوان بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە مەرگی کۆڵبەران و دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکی کوردستان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا. بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، "میلاد فەیزی" تەمەن ١٥ ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری مەریوانەوە دەسبەر کرا و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوێزرا. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار"میلاد فەیزی پوور" بەهۆی ئەوەی کە ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر دۆخی نالەباری خەڵکی کوردستان و گیان لە دەستدانی کۆڵبەران دەربڕیوە و لە سەر ئەو پلادکارتانەی کە بە دەستیەوە بووە نووسرابوو "تاکەی خوێنی لاوەکانی ئێمە دەبێ بە ناحەق بڕژێ، کۆڵبەرانی گیان بەختکردوو برای ئێمەن" لەگەڵ بێڕێزی و لێدانی هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕوو بۆوە و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوازراوە. شایانی باسە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی سەرماوەز، دەستەیەک لە کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی ژاڵانەی مەریوان، بە هۆی سەرما و بەفری زۆرەوە دوو برا بە ناوەکانی "ئازاد و فەرهاد خوسرەوی" خەڵكی گوندی "نێ"ی، مەریوان، گیان لە دەست دەدەن و کەسێکی دیکە بە ناوی" حوسێن کەرەمی" ٣٥ ساڵ بریندار دەبێ و بۆ ناوەندی دەرمانی گوازراوەتەوە.