کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‌خۆپێشاندانەکانی عێراق دژ بە بەربژێری سەرۆک وەزیرانی نزیک لە ئێران

16:23 - 2 بەفرانبار 2719

خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق دژ بەدەسەڵات و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامن. لە کاتێکدا کە کۆتایی وادەی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانێکی تازەیە بۆ عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ١ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی بۆ جارێکی تر بەشێوەیەکی بەربەرین خەڵک ڕژانەوە سەرشەقامەکان و جادەی ئیداراتی دەوڵەتییان داخست. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە خۆپێشاندەران لە شارەکانی دیوانیە و بەسرە مانگرتنی سەرانسەریان ڕاگەیاندووە. خۆپێشاندەرانی عێراقی ماوەی ٣ مانگە لەخۆپێشاندان بەردەوامن و خوازیاری چاکسازی لەو وڵاتەن و بە بەردەوامیی و پێداگریی خۆیان توانیان سەرۆک وەزیران ناچار بکەن کە دەست لە کار بکێشێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق گوتوویانە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ " قوسەی ئەلسەهیل" کە وەزیری پەروەردە و فێرکردن بووە و نزیکە لە کۆماری ئیسلامی، بکرێتە سەرۆک وەزیران بەڵام خۆپێشاندەران بە توندی دژایەتی دەکەن. هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە خۆپێشاندەران جادەی شارەکانی باشووری عێراقیان بۆ بەغدا داخستووە و لە دوو شاری نەجەف و کەربەلا خوێندکاران نەچوونە خوێندنگەکان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕێخستوە. شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی دەستێوەردانەکانی لە کاروباری نێوخۆی عێراق کەوتۆتە بەر نەفرەتی خەڵکی ئەو وڵاتە و لە هەموو خۆپێشاندانەکاندا ئێران و ناوەندەکانی ئەو ڕێژیمە بەجۆرێک لە جۆرەکان دەکەونە بەر پەلاماری خەڵک و دژ بە ڕێژیمی ئاخوندەکان دروشم دەدەن، وێنەی ڕێبەرانی دەخەنە ژێرپی و ناوەند و کۆنسولخانەکانی دەسووتێنن.