![](/files/photo_2019-12-23_10-09-14.jpg)
مەحمودد سادقی نوێنەری شاری تاران لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران لە تویتێکدا ئاشکرای کرد کە گیانی دەروێشەکانی گونابادی کە لە زیندانی ئێڤیندا ڕاگیراون لە مەترسیدایە و داوای لە سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران کردووە کە لانیکەم ڕەچاوی یاساکان بکات.
ئەو نوێنەرە ئاشکرای کرد کە بەندکراوانی گونابادی وەکوو زۆربەی زیندانیانی دیکە لە ئێران مافەکانیان پێشێل دەکرێ و بە هۆی نابەرپرسایەتی بەرپرسانەوە گیانی دەروێشە بەندکراوەکان لە مەترسی دایە .
جێیوەبیرهێنانەوەیە بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "مەجزووبانی نوور" دوای ڕووداوی گوڵستانی حەوتمی شاری تاران ٢٣ کەس لە دەروێشەکانی گونابادی لە زیندان دان و هەرکام لەوان بە لێدانی ٧٤ قامچی و دوو ساڵ زیندان و دوو ساڵ دوورخستنەوەو دوو ساڵ بێبەشبوون لە مافی کۆمەڵایەتی سزا دراون.
هەر بە پێی ئەو سەرچاوەیە ئەو ٢٣ بەندکراوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە شوێنی ڕاگرتن و پێشلکرانی مافەکانیان، ئامادەنەبوون لە بەردەم دادگا ئامادە بن.
هەروەها کەسرا نووری و محەممەد شەریفی بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی نوور زمانحاڵی دەروێشەکانی گوناباد، هەرکام بە ١٢ ساڵ زیندان سزا دراون.