کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسێن کەڕووبی کوڕی مەهدی کەڕووبی ڕەوانەی بەندیخانە کرا

16:22 - 30 بەفرانبار 2719

"محەممەد تەقی کەڕووبی" کوڕی "مەهدی کەڕووبی" لە لاپەڕەی توێتێریی خۆیدا نووسیویەتی کە براکەی، واتە "حوسێن کەڕووبی" بەهۆی بڵاوکردنەوەی نامەکەی باوکی، پێشتر دەسبەسەر کرابوو و ئێستا بۆ بەندی تاکەکەسی گوازراوەتەوە. "مەهدی کەڕووبی " لەتوێی نامەیەکدا کە بۆ "عەلی خامنەیی" ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسیبووی، ناوبراو باسی لەوە کردبوو کە خامنەیی هیچ مەرجێکی ڕێبەریی تێدا نییە. "حوسین کەڕووبی" ڕۆژی ٢٤ـی بەفرانبار دوای بانگهێشت بۆ بەندیخانەی ئەوین دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو مانگی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٥ـی هەتاوی بەهۆی بڵاوکردنەوەی نامەی باوکی و گەیاندنی بە حەسەن ڕووحانی بە ٦ مانگ بەندکران مەحکووم کرا. هەروەها هەواڵدەرییەکانی نێوخۆیی باسیان لەوە کردوە کە دەسبەسەرکرانی ناوبراو بۆ جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە بووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە "محەممەد تەقی کەڕووبی" ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان بەهۆی بڵاوکردنەوەی نامەی نوێی "مەهدی کەڕووبی" گوشاری زیاتریان خستۆتە سەر "حوسێن کەڕووبی" و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.