کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆ و چەواشەی کاربەدەستانی ڕێگە و شارسازیی پارێزگای سنە

13:44 - 1 رێبەندان 2719

بەرپرسی ڕێگە و شارسازیی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە ڕادەی ڕێگەسازی و چاکسازیی ڕێگەکانی ئەو شارە گەیشتووەتە سەتا ٤٨ بەڵام ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرهەم و ئاکامی پرۆژەکان دڵخۆشکەر نین. "موحەممەد سدیق سابتی" بەرپرسی گشتیی ڕێگە و شارسازیی پارێزگای سنە ڕۆژی شەممە ٢٩ـی بەفرانبارلە کۆبونەوەی پڕۆژەی شەمەندەفەڕی سنە-هەمەدان لەگەڵ جێگری وەزیری ڕێگەوشارسازیی ئێران باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ١٣٩٢ـی هەتاوییەوە تاکوو ساڵی ٩٨، بەرهەمی ڕێگەوبان و چاکسازیی سنە لە سەتا ٣٩ـوە گەیشتووەتە سەتا ٤٨ و ئەوە ئاکامێکی باش بووە بۆ پێشکەوتن. بەڵام قسەکانی ئەو کاربەدەستە لەگەڵ ڕاستیی پڕۆژەکان یەک ناگرنەوە. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە زۆربەی شەقامەکانی شاری سنە ئێستاش پێویستیان بە چاکسازی هەیە، زۆربەی ناوچەکانی ئەو شارە هیچ هەوڵێک بۆ پەرەپێدان و خۆش کردنی ڕێگە سەرەکییەکانی نەدراوە. لەوەش گرینگتر دەتوانین ئاماژە بە ڕێگەکانی دەرەوەی شاری سنە بکەین. ڕێگەی سەرەکیی سنە-مەریوان ساڵانە دەیان ڕووداوی هاتووچۆی تێدا ڕوو دەدا و دەیان کەس بەهۆی خراپیی ڕێگەکانەوە گیانیان لەدەست دەدەن. ئەگەر ئاورێکی کورت لە ڕێگەوبانی سنە بدەینەوە دەبینین کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا بەهۆی کەمتەرخەمی و گەندەڵی پەیمانکار و بەرپرسانەوە، زۆربەی پرۆژەکان سەرکەوتوو نەبوونە. وەکوو پڕۆژەی نێوبڕی "تێژتێژ-گاڕان" لە نێوان شاری سنە و مەریوان دایە. ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە ١٠ ساڵە کە بە قسەی کاربەدەستان خەریکی پێشکەوتنە بەڵام ئاکامێکی ئەوتۆی نەبووە کە بکرێ بڵێین بەرهەمدار بووە. تەنانەت زۆربەی کرێکار و کارگەکانی بێکار بوونە. هەروەها لە کەمتر شوێنێکی پارێزگای سنە و شارەکانی دەوروبەری پڕۆژەی ڕێگەوبان و چاکسازی ئەنجام دراوە. تەنانەت ئەگەر ئاماری هەموو پرۆژەکانیش لەبەرچاو بگرین، لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا ناگاتە سەتا ٤٨ـی گشتیی شاری سنە. جێگای ئاماژەیە کە گەڵاڵەی شەمەندەفەڕی سنە-هەمەدان چەند ساڵە کە لەبەر دەستدایە و کاربەدەستان دەڵێن کاری لەسەر دەکرێ و هیچ هێڵێک بۆ شەمەندەفەری سنە دیار نییە.