کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویستی خەڵک و چاوەڕوانیی هەڵوێستی هونەرمەندان

15:48 - 1 رێبەندان 2719

"پرسی ئێستای ئێمە یەکیەتیی سینەما لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاران و خوێندکارانە کە هەر ئێستا لە فەڕانسە لە ئارادایە. تەنانەت یەک فیلمیش نییە کە باس لە کێشە هەنووکەییەکانی ئەم دوو چینە بکا. من خەریکم قسە لە یەکیەتیی سینەما لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاران و خوێندکاران دەکەم، ئێوە باسی «تراڤێلینگ» و «کلەوزاپ» بۆ من دەکەن؟! تێگەیشتنتان نییە." ئەمە بەشێک لە وتەکانی ژان لۆک گۆدار، دەرهێنەری بەناوبانگی شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسەیە لە یەکەم ڕۆژی دەسپێکی ٢١ـه‌مین خولی فێستیڤاڵی کەن‌، کە لە کۆتاییدا بایکۆت و هەڵوەشانەوەی ئەم خولەی فستیڤاڵەکەی لێ کەوتەوە. بەدوای ئەوەی کە لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا زنجیرە ناڕەزایەتی‌دەربڕینێک لە ئێران ڕووی دا و خەڵکی زۆر یەک لە شارەکانی ئەم وڵاتەی هێنایە سەر شەقام و سەرکوتی توندی ئەم ناڕەزایەتییانەی لەدوا بوو و، دواتریش بەهۆی خستنە خوارەوەی بەئەنقەستی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە و کوژرانی هەموو موسافیرەکانی، تەرمی سەدان کەس لە ژن و پیاوان و پیر و منداڵانی ئێرانی کەوتە سەر دەستی خەڵکی ئەم وڵاتە و؛ کۆمەڵگەی تاسەباری ئازیزانی لەدەست چوو کرد. لەم نێوانەدا کەسانێکی خاوەن ناو بە دەربڕینی بۆچوونە پێوەندیدارەکانیان بەم ڕووداوانەوە، سەرنجەکانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا، کە لەم نێوەدا ڕادەربڕینی هونەرمەندان کاردانەوە و دەنگدانەوەیەکی پتری بەدواوە بوو. لەگەڵ ئەوەی کە زۆرینەی ئەو کەسانەی هەڵوێستێکیان هەبوو لەم بارەوە، ئیدانەی کردەوەکانی حکوومەتیان کردبوو و خۆیان لە ڕیزی خەڵکدا دەبینیەوە؛ بەڵام کەسانێکیش هەبوون کە بەپێچەوانەوە هەڵوێستی پێچەوانەیان هەبوو. لە یەکەمین هەڵوێست نواندنەکان دەتوانین ئاماژە بە بەیاننامەی خوێندکارانی سینەما لەژێر ناوی «سینەما لەدژی سینەما» بکەین کە لەوێدا داوا لە هونەرمەندان کرابوو: «سەرەڕای ئیدانە کردنی ڕووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر، بە کردەوەش لەگەڵ خەڵک بن و هەروەها فێستیڤاڵی «فەجر» بایکۆت بکەن.» فێستیڤاڵی حکوومەتیی فیلمی فەجر یەکەم جار نییە کە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی هونەرمەندان دەبێتەوە، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا ناڕەزایەتییەکان بە شێوازی بەڕێوە بردنەکەی بووە و کێشەیەکی سێنفی بووە هەتا کێشەیەکی بنەڕەتی کە پێوەندیدار بە پرسی خەڵکەوە بێ. هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا و لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨، «بەهمەن فەرمان‌ئارا»، دەرهێنەری بەتوانای سینەمای ئێران کە پێشتر بۆ فیلمی «بوی کافور، عطر یاس» خەڵاتی باشترین دەرهێنانی وەرگرتبوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو ساڵەدا خەڵاتەکەی پێ دانەوە؛ کە هەڵوێستێکی توند و بوێرانە بوو لە لایەن ئەم هونەرمەندەوە. هەر لەم ساڵیشدا «موحسین ئوستادعەلی» دەرهێنەری فیلمی دۆکیۆمێنتی، کە بەبۆنەی فیلمی «خسوف» خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە فێستیڤاڵی «سینما حقیقت» کە لە تالاری وەحدەتی تاران بەڕێوە چوو، وەرگرت، لە پەیامی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا ئاوا دوا: «ماوەیەکی زۆر بەسەر ڕووداوەکانی خەزەڵوەردا تێ‌نەپەڕیوە. کامێراکانی ئێمەی دۆکیۆمێنت‌ساز کوژابۆوە و موبایلی لاوەکانی ئەم وڵاتە هەڵکرابوون. تۆمارکردنی ڕاستییەکان بە وەرگرتنی خەڵات نییە، بەڵکوو بە بوێرییەکە کە دەبێ لە تەنگانە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبێ. ئەو کارەی کە خەڵک کردیان و ئێمەش سەیرمان کردن. ئەم خەڵاتە پێشکەش دەکرێ بە گیانی بەرزی بوێرترین کامێرا و دۆکیۆمێنت‌سازی ئەم وڵاتە؛ پوویا بەختیاری و هەموو ئەو کامێرایانەی هەتاهەتایە بە هەڵکراوی دەمێننەوە.» هەر لەم پێوەندییەدا هونەرمەندانێکی وەک جەعفەر پەناهی –کە ساڵانێکە ڕێگەی کاری هونەری و چوونە دەرەوەی لە وڵاتی لێ گیراوە-، هەدیە تارانی، ڕەزا دۆرمیشیان و ڕەخشان بەنی‌ئێعتماد، لەبەر زانستگەی ئەمیر کەبیری تاراندا هاوڕێ لەگەڵ خوێندکاران لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارییان کرد. کە بەم بۆنەیەشەوە خانمی بەنی‌ئێعتماد لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لەلایەن مامۆستایەکی زانستگەوە کە سەربە دەسەڵاتە کەوتە بەر هێرشی بێڕێزی و وتە سێکسیستییەکانی ئەم کەسە و ئەمەش پتر لە پێش ڕوخساری ڕاستەقینەی دەسەڵات و کەسانی نزیک بەوانی بۆ خەڵک دەرخست. کە هەر لە ڕاستیشدا بایکۆتکردن دەبێ بە مەبەستی یەکیەتی و لەگەڵ خەڵک بوون بکرێ، نەوەک هاوسۆزی‌دەربڕینێکی ڕووت؛ کە ئەمەش لەلایەن هەندێک لە هونەرمەندە ڕاستەقینەکانەوە کرا. جارێ هەتا بەم کاتە دژکردەوەی دەسەڵات بەرامبەر بەم هەڵوێستانە ئەوە بووە کە وتەبێژی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی مەجلیس هەڕەشەی ڕێگری لە درێژەی چالاکیی ئەم هونەرمەندانە لە داهاتوودا کردوە و، بە وتەی ئەو: «ئەم تاقمە لە هونەرمەندان لەگەڵ خەڵک نین و ئێمەش ناهێڵین چیتر درێژە بە چالاکیی خۆیان بدەن.» هەروەها ڕایگەیاند: «لە حەوتووی داهاتوودا گەڵاڵەیەک دەبەین بۆ مەجلیس کە لەوێدا بۆ ئەو هونەرمەندانەی وا لەگەڵ خەڵک نین و دەست لە چالاکیی هونەریی خۆیان دەکێشنەوە، لە درێژەی چالاکیی هونەری لە کۆماری ئیسلامیدا بەربەست دروست بکا.» ئەمە لە کاتێکدایە یەکێک لە ئەکتەرەکان لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی خۆیدا دژکردەوەی جێ‌پەسەندی دەسەڵاتی لەمەڕ کوژرانی قاسم سولەیمانی بڵاو کردبۆوە و، خەڵک لەوێدا بە نووسینی سەدان پەیام بەرەوڕووی گلەیی و گازندەی زۆر توندیان کردەوە و بەناچار ئەو پۆستەی سڕییەوە؛ ئەمە خۆی دەرخەری ئەوەیە کە خەڵک کێن و چییان دەوێ و خۆ ماتکردن لە پشت سەنگەری خەڵکدا چیتر بۆ کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی دەست نادا. کاتێک لە فەڕانسە بزووتنەوەی مانگی مەی لە ئارادا بوو، هونەرمەند و نووسەری وەک ژان پۆل سارتر هاوڕێ لەگەڵ هاوژینەکەی واتە سیمۆن دۆبوار بەپێچەوانەی نووسەرانی وەک دەوڵەتابادی نەتەنیا لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداریی بەرچاویان هەبوو، بەڵکوو بەیاننامەی کرێکاران و خوێندکارەکانیان لەنێو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە و، بەم بۆنەیەشەوە لەلایەن پۆلیسی ئەم وڵاتەوە دەسبەسەر کران. لەدوای ئەوەی کە دەوڵەتانێکی زۆر بەدرێژایی ئەم ساڵانە هاتوون و ڕۆیشتوون بەڵام مێژوو لە دڵی خەڵکدا بۆ هەمیشە ناو و یادی مافویستانەی ئەم هونەرمەندە خەڵکییانەی بەرز ڕاگرتووە و، تۆزی لەبیرچوونەوە ناوی دەسەڵاتدارانی داپۆشیوە؛ لەگەڵ خەڵک بوون یانی بەردەوامی.