کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێن ئەوانەی کڕیاری درۆکانی کۆماری ئیسلامین؟

16:43 - 1 رێبەندان 2719

شۆڕش لە هەر وڵاتێکدا جیا لە کوودتا کە بۆ بەرژەوەندی تاقمێک ئەویش تایبەت هێزە چەکدارەکانە، بە دڵنیاییەوە بەمەبەستی باشتربوونی دۆخی سیاسی و ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی و بە گشتی هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێک دەکرێ کە وەڵامدەری داخوازییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ ئەو قۆناغ و سەردەمەیە و، ناخ و نێوەرۆکی شۆڕشەکەش بەپێی وشیاری و ڕاددەی سیاسی بوون و تێگەیشتنی گشتیی ئەو خەڵکە هەڵدەسەنگێندرێ. هەموو ئەوانەش ئەمەش پاش بێزاربوون و تەمابڕاوی لە دەسەڵاتە پێشووەکە دێت. بەم پێیە بە سەرنجدان بە شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیی «حەمەڕەزاشای پەهلەوی» و دواتر ئەزموونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەتوانین ئەو ئاکامگیرییە بکەین کە خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنی ئەم نیزامە سیاسییە لەجیاتی نیزامی سیاسیی پێشوو هەڵەیان کرد، ئەوەش هۆکارەکەی بۆ نەناسراوبوونی نیزامی سیاسیی نوێ، پۆپۆلیزم و نەبوونی ئۆپۆزیسیونێکی بەهێز و جەماوەریی بەبەخت دەگەڕێتەوە کە ڕەوتی شۆڕش بەرەو ئاقارێکی دی برا. لە لایەکی دیکەشەوە بیری تەسکی مەزهەبی و دینی ڕێگە خۆشکەر بوو تا کەسێکی دوگم و چەقبەستووی وەک «خومەینی» بە دنیایەک گرێی دەروونی و ئەخلاقی و ڕق و قینی مەزهەبی و چوارچێوەیەکی فیکریی داخراو کە لە ژوورە تاریکەکەی خۆی تێنەدەپەڕی، بتوانێ ئەم هەلە بقۆزێتەوە و دەسەڵاتی ئێران بگرێتە دەست. بنەمای دەسەڵاتی ئەم رێژیمە لەسەر درۆ و وادە و بەڵێنی قەت وەدینەهاتوو دامەزرا و تاقمی دەسەڵات بە یارمەتیی هێزی چەکدار سواری شەپۆلی بیری مەزهەبی و داخراوی خەڵک بوون و کۆمەڵگەی ئێرانیان بۆ چەند سەدە دواتر گەڕاندەوە. ناوکی دەسەڵاتی نوێ لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەموو هەوڵیان ئەوە بووە پشت لە زانست و مرۆڤایەتی و ژیانێکی ژیرانە بکەن، بیرە کۆنەکان بریقەدار بکەن، تیف‌تیفە و هێلەساوی بدەن و نوێبوون و زانینی ڕاستەقینە و سەردەمیانە ڕەش بکەن و بتۆرێنن، بۆ ئەوەی کە بتوانن بەردەوام بن لە دەسەڵاتدارەتی بەسەر ئەو خەڵکەدا. هەڵگرانی ئەم بیرە تەسکە لە وڵاتێکی دەوڵەمەند بە پاشخان و سامانێکی یەکجار دەوڵەمەند لە چوار دەیەی ڕابردوودا تەنیا لە فیکری سەپاندنی ئایدۆلۆژی و دەسەڵاتی خۆیاندا بوون، ئەویش نەک هەر بەسەر خەڵکی ئێراندا بەڵکوو دەمەتەقێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پاشان جیهانی ئیسلامیش دەکەن و کاوێژی قودس و کەربەلایان خستووەتە سەر زاری خەڵکێکی داخراو وهەڵخەڵەتاو. ڕێژیمە دیکتاتۆر و توتالیتێرەکان بۆ مانەوەی خۆیان پێویستیان بە خەڵکێکی داخرا و دوژمنێکی وەهمی هەیە کە بەردەوام خەڵکی پێ بترسێنن و جاروباریش شەڕێک هەڵگیرسێنن، یان تەپڵی شەڕیان دایم دەنگی بێ و بەم شێوەیە بتوانن دەنگە ناڕازییەکان دەمکوت بکەن و دەستیان بۆ هەر جینایەتێک ئاوەڵا بێ. درۆ و چەواشەکارەکانی کۆماری ئیسلامی بەپێی هەلومەرج و بارودۆخەکان گۆڕانی بەسەردا هاتوە و ئێستا ئیدی ڕێژیم نە دەتوانی دزی و گەندەڵییەکانی بشارێتەوە و نە سەرپۆش لەسەر جینایەتەکانی دابنێ. تێکنولۆژی و ئینترنێت و بە تایبەت تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و گەیشتنی چرکەیی هەواڵ و زانیارییەکان و بچووک بوونەوەی دنیای ئەمڕۆ و هەروەها تێگەیشتنی سیاسیی خەڵک و چالاکیی چالاکانی مەدەنی و سیاسیش لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەت لەو بوارانەی کە بۆ کۆماری ئیسلامی بڤە بوون وردەوردە درزی خستە نێو شوورە بەڕواڵەت پۆڵایینەکەی کۆماری ئیسلامی. بۆیە هەتادێ لەو سۆنگەیەوە زیاتر خەڵک وشیار دەبنەوە و درۆی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیش جیا لەلای مشەخۆرەکانی چیدی کڕیاریان نەماوە. کۆماری ئیسلامی وەکوو هەموو ئەو ڕێژیمانەی خۆیان لە نوێبوونەوە دەپارێزن و لە ڕاستیشدا نە خۆیان و نە بیروبڕوایان و نە سیستمی حوکمڕانیان و یاسا و ڕێسایان بەرگەی ئەو تەکان و شەکانەی ئەم سەردەمە دەگرێ و نە خۆیشیان دەیانهەوێ ڕوو لە مرۆڤایەتی و ژیانی سەردەمیانە بکەن. بەهۆی سیاسەتی چەوتی ڕێژیم وڵات کەوتۆتە ژێر گەمارۆی قورسی وڵاتانی زلهێز و ڕۆژبەڕۆژ پتر لەڕووی ئابووری و تەنانەت سیاسیشەوە هەناسەی سوار دەبێ و، تەنانەت لەو وڵاتانەشدا کە سامانی گشتیی ئێرانی بۆ خەرج کردوون هەتا بیانکاتە حەسارخەڵوەتی خۆی، بێزراو بووە و خەریکە جێی پێ لێژ دەکرێ کە عێڕاق و لوبنان لەو نموونانەن. لە نێوخۆی وڵاتیشدا بەهۆی وشیاربوونەوەی خەڵک و ئەو ڕووداوانەی کە لەم دواییانەدا ڕوویاندا، وەکوو «کوژرانی قاسم سولەیمانی، سەرکردەی تێرۆریستەکانی سپای پاسداران و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئۆکراین و کوشتنی ١٧٦کەس و ڕاپەڕینی چینی خوێندکار و ڕووناکبیری کۆمەڵگە بە دروشمگەلی ڕادیکاڵ و توند و جیاواز لە هەموو خۆپیشاندانەکان ئامانجدار و ڕوو لە تێکڕای دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی کۆماری ئیسلامی و شکاندنی هەموو هێڵە سوورەکان و ئەو نافەرمانییە مەدەنی و ناڕەزایەتییانەی کە لە هونەرمەندان، سینەماکاران، خوێندکاران، ژنان، و بەگشتی هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتۆتەوە، دەردەکەوێ کە چیدی ڕێژیم ناتوانێ ڕەواییەتێک بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە. بەگشتی ئەم شیکارییانە دەمانگەیێنێتە کۆمەڵگەیەکی زیندوو و مافخواز کە نەک هەر کۆماری ئیسلامی ناتوانی تێیدا بە ئاسانی درێژە بە دەسەڵات و زوڵم و زۆریی خۆی بدا، بەڵکوو مزگێنییە بۆ داهاتوویەکی گەش و مرۆڤانە، چوونکە خەڵکێک بگاتە ئەو ئاستە کە چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێ و خۆی بە بەرپرسیار بزانێ لە ئاست ڕوودا و پرسەکانی وڵاتەکەیدا و بەو ڕاددەیە وشیار بێتەوە، بە دڵنیاییەوە هیچ دیکتاتۆرێک ناتوانێ حوکمی بکا و بەسەریدا زاڵ ببێ.